هەستی خۆد_ هەستی ئەویتر! _ ئازادی
بەشی یەکەم
نادر خەلیلی
ئێمە دەزانین کە هەمو فینۆمنە کان یان هەستەندەکان پێکەوە پێوەندیەکی تایبەتیان هەیە. ئەم واتەیە لە ناو خۆێدا، دەرخەری ئەوەیە کە فینۆمنەکان بە ڕاستی بونیان هەیە. هۆی تەرحی ئەم بەشە لە باسەکە ئەوەیە کە فەیلەسۆفێك بە ناوی" سورن کیەرگەگارد"ی دانێمارکی لە بەیانی دەزگای فیکری- فەلسەفی خۆێدا دەڵێت:{ تەنیا هەستەندە، یان فینۆمنی ڕاستەقینە منم( بە واتەی ڕێنێ دێکارت " ئێگۆ")_ هەموی ئەوانیتر کە بە چاو دێن، هەبوونیان تەنیا لە خەێاڵی مندا هەیە و بوونی دەرەوەیان نییە!.}
ئەمە بنەمای فەلسەفەی سورنە. کە بە ئێگزیستالیسمی دینی بە ناوبانگە. ئەم دەزگا فیکریە، یەکێکە لە بازنەکانی میتافیزیا. ئێمە لە باسەکە دور نەبینەوە و بینە سەر ئەوەی کە بە وتەی سورن، هیچ شتێك غەیری ئێگۆ( من ) بوونی نییە! و تەواوی ئەوانەی کە دەبیندرێن، هەموی خەێاڵن و دور لە ڕاستین.
لە کاتێکی تایبەتدا، دێمەوە سەر ئەم خاڵە کە هۆی بناخەیی سورن بۆ ئەم بەێانە چیە وبۆچی سورن وەها دەڵێت؟ بە جۆرێك لە جۆران قسەکەی ئەو، مانایەکی قوڵی تێدایە کە ئێستە کاتی لێكدوانی نیە.
ئێمە لامان وایە کە ١_ فینۆمنە کان نەك هەر بونیان هەیە_ بەڵکو بونیان موستەقیل وجێاوازە لە هەموی فینۆمنەکانیتر. ٢_ فینۆمنەکان لە سەر یەکترکار دەکەن و کاریگەریان هەیە. ٣_ ئەگەر ئەم کاریگەریانە کە دەتوانین لێرەدا بە ڕوداو یادیان لێ بکەین نەبن، ئیتر مانای" هەستی " و گەردون بە تەواوی بەتاڵ دەبێتەوە.
دێکارت دەڵێت: من بیر دەکەمەوە، بۆیە هەم. Cogito Ergo sumوبەمجۆرە، هەبوونی خۆی ئیسبات دەکات.
واتە: ئێمە بە هۆی فیکر کردن کە ڕوداوێکی نێو خٶمانە، و تەوانای شك کردن لە فینۆمنەکانیترمان هەیە، بە ڕاستی بوونمان هەیە. ئەم باسەم بە تێر و تەسەلی لە کتێبی ئەنتی میتافیزیا و زەنجیرە نوسراوەکانی" لە بەرانبەری میتافیزیا" نوسیوە و پێویست بە دوپات کردنی ئەوباسە دور و درێژە نازانم. تەنیا ویستم هەر لەم خاڵە دا ئەوەی ئاشکرا بێت کە بە پێچەوانەی سورن کیرگەگاردی دەنێمارکی، لانی کەم دێکارت بە هۆی تێزی ئەسڵی خۆی یانێ" من بیر دەکەمەوە، بۆیە هەم، ئیسباتی هەبوونی فینۆمنێك بە ناوی " خۆد " مان کردبێت. چونکە ئێگۆ دەتوانێت لە هەموی فینۆمنەکانی گەردون " شك " بکات، بەڵام ناتوانێت شك بکات لەوەی کە خۆێ وەکو فینۆمنێك نەبێت. واتە لێرەدا شتێك بە ناوی " خۆد " ڕاست و دروستە و بوونی هەیە.
ئیستە بڕوانین بەوەیە کە ئاێا ئەم خۆدە، دەگەڵ فینۆمنەکانیتر دا، پێوەندی هەیە یان نا؟ یانێ بەم شێوەیە و وەڵام بەم پرسیارە، بۆمان دەر دەکەوێت کە فینۆمنەکانیتریش بوونیان هەیە و لە نێوانیاندا، بە شێوازی جۆراوجۆر، پێوەندی هەبوە و پێوەندی هەیە. هەڵبەت مارتین هایدەگەر، بە شیوازی تایبەتی خۆی لە کتێبی" هەستی و زەمان " دا، ڕۆیشتوتە ناخی باسەکە ولەوێدا باس لە جیهانیەتی جیهان و پێوەندی نیوان فینۆمنەکان دەکات.
بەڵام سورن بە پێچەوانەوە، هەبونی فینۆمنەکانی تەواوی گەردون بە هەڵەی خەێاڵ و فیکر دەزانیت! ئیستە ئەم پرسیارە قۆت دەبێتەوە کە، ئاێا لە نێوان ئێگۆ( من ) تەك فینۆمنیکیتر هیچ پێوەندی هەیە یان نا؟
ئێمە دەزانین کە ئاو بۆ خۆی فینۆمنێکی جێاواز و مۆستەقیلە_ هەر واش دەڵین، ئاگر فینۆمنێکی جێاواز و مۆستەقیلە. دەشزانین کە ئاو لە ڕادەی ١٠٠ دەرەجەێ سەنتیگراددا، دەکۆڵێت یان دەجۆشێت. کە ئەو ڕادەیە، ڕادەی بە جۆش هاتنی ئاوە. ئەگەرلە نێوان ئاگر و ئاودا، کە دوفینۆمنی گەردونی جێاوزن، هیچ پێوەندیەك نیە! بۆچی دەجۆشێت؟ و دەبێت بە فینۆمنێکیتر بە ناوی هەڵم؟
واتە فینۆمنەکان بە ڕاستی کاریگەریان لە سەر یەکتر هەیە. و ئەو کاریگەریە کە پێشتر بە ناوی ڕوداو ناومان بردی، یەکێک لە بنەماکانی اگزیستانسیالی گەردوونە. کە دواتر دەڕۆینە ناخی ئەو باسە.
لە بەشی فارسیەکەی ئەم باسەدا وەهام نوسی کە ئەگەر سورن کیرگەگارد ئەمڕۆ هەبوایە، دەستیم ئەخستە سەر ئاگر و لێم دەپرسی کە ئایا ئاگر بونی موستەقیلی هەیە یان نا؟ لاموایە بە سوتاننی دەستی، هەبونی ئاگری قەبوڵ دەکرد.
* دەرهێنانی بەشێك لە مەبەست و بنەمای باسەکە:
ئینسان یا ئێگۆ وەکو فینۆمنێکی تایبەت لە گەردوندا، هەبوونی هەیە_ ئاێا فینۆمنەکانیتری گەردونی، دەتوانن لە ئێگۆ کاریگەریان هەبێت؟ ئەگەر وایە، ئەو کاریگەریە چیە و چۆنە؟!
ئینسان وەکودیاردەیەك لە نێو کۆمەڵگەدا دەژی. ئەم ژیانە بە هۆی پێوەندیەك کە لە نێوان تەواوی کۆمەڵگە وئێگۆ و هەر وەها، تەواوی فینۆمنەکانیتری جیهانی دەوروبەرهەیە، ناتوانێت بێ کاریگەریکردنی دانە دانەیان لە یەکتر، مانا پەیدا بکات. واتە " هەستی خۆد " لە لایەن " هەستی ئەویترەوە " هەموکات ها لە ژێرکاریگەریدا. ئەم کاریگەریانە، یەك جەهەت و یەك ڕێگە نیە، بەڵکو چەند رەهەندین.
ئێمە لەێرەدا جارێ دەڕۆین بە دوای ئەوە دا کە جۆری کاریگەری کردنی " هەستی ئەویتر" لە " هەستی ئێگۆ_ یان خۆد " چیە و چۆنە؟!
کە ئەڵیم " هەستی ئەویتر " مەبەستم چەند ڕەهەندیە. چونکە تەنیا هاوسەر و ڕەفێق و دراوسێ و منداڵ وخێزان وخەڵکی شار نیە، کە سیستەمیش خۆی یەکێک لە فینۆمنەکانە کە لە تەواوی کۆمەڵگەی جیهانیدا، بەڕێوەبەری خێڵی تەواوی جەماوەرە. هەڵبەت کە باسی سیستەم کرا، فەرائینسانی نیچەی لێ جێا دەکەمەوە، چونکە ئەو باسە تایبەتمەندی زۆر جێاوازی هەیە لە تەك تاکە کەسی ساکاری کۆمەڵگە. ( بە داخەوە ئەم خاڵەش یانێ فەرا ئینسانی نیچە، بە ناچاری لێرەدا بە جێ دەهێڵین).
بۆ فەرزێکی فەلسەفی، تۆی خۆێنەر بە خاوەنی خێزان و ماڵ و منداڵ، ناو دەنین. تۆکوڕێکت هەیە کە وەکو زۆر لە خەڵکی شۆێنی ژینگەت یانێ شار یان هەر شۆێنێكیتر، خەریکی ژیانی خۆیە. تۆ کە باب یان دایکی ئەو کوڕەی، لە ڕوی ناچاریدا خۆت بە بەرپرسی هەموکارەکانی ئەو کۆڕە دەزانی. ئەگەر ئەو کارانەی ئەو دەیکات، لای فەرهەنگی کۆمەڵگەوە باش بێت، تۆ هەست بە شادی و شانازی و بەختەوەری دەکەیت_ ئەگەر بەپێچەوانەوە کار یان ئاکامی ئیش وکاریگەری کۆڕەکەت لە نێو کۆمەڵگەدا باش نەبێت، هەست بە سەرخۆاری وخەم دەکەیت!
لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆچی ئەو هەستەدروست دەبێت؟
لاموایە کە ئەو هەستە، بە هۆێ بەرپرس بونی تۆ، پێك دێت یان دێتە ئاراوە. بۆچی تۆ؟ تۆ وەکو تاکە کەسێك، لە کوڕەکەی خۆت جێا و موستەقیلی، تۆ بۆچی توشی ئەو بەرپرسیە دەبیت؟ چونکە تۆ لە کردەوەیەکی زۆر پێشوتردا، هۆی بە دونیا هاتنی ئەو کوڕەیت. قەد لێت نەپرسیوە کە ئایا پێت خۆشە بیتە دونیاوە؟ بەڵکو بەدونیا هاتنی ئەو، بە دەستی جەبری تۆو هاوسەرەکەت بووە! خاڵێکیتری زۆر گرینگی ئەم بابەتەڕێك لێرەدا ئەوەیە کە کاتێك تۆ هەست بە سەرخۆاری( بە هۆێ ئەنجامی کاری دژی فەرهەنگی دەوروبەر) دەکەی، لە ڕاستیدا بە هۆی تەنز و تەشەر یان نیگاهێکی خەڵکی_ تۆ " هەستی خۆد " دەبینیتەوە. یانێ فەلسەفیتر بڵین، " هەستی ئەویتر " دەبێتە هۆێ ئەوەی کە تۆ " هەستی خۆد " ببینیتەوە! لە فەرهەنگی کوردیدا بەم حاڵەتە دەڵێن: فڵانی هات بە خۆێدا_ یان ئەوکەسە خۆی دۆزیەوە!. ئەو هەرگیز وون نەبو. بەڵام بە جۆرێك لە جۆران، دور لە ڕاستیەکان و ڕوداوەکانی دەوروبەر بوو. بۆێە لەو کاتەدا، دێت بە خۆێدا و دا دەچڵەکێت! واتە خۆدی خۆێ دەبینێتەوە!
لێرەدا ئەگەر ورد بینەوە، چەند دیاردە دەبینین. یەکەم کردەوە. دوهەم بەرپرسی. سێهەم هەستێك کە بە دوای کردەوەی ئەو کوڕە بە دیکراوە. چوارەم دڵە ڕاوکێ لە ئاکامی کردەوەکانی ئەو. پێنجەم لە دەست دانی ئازادی!
واتە بە هۆی سەر جەمی ئەو خاڵانەی ئاماژەم پێکرد " هەستی خۆد " لە ژێر کاریگەری " هەستی ئەویتر" دا، ئازادی لە دەست دەدات.
پرسیاریکیترئەوەیە کە ئەو کەسەی کە هیچ منداڵ و خاو و خێزانی نیە، بۆچی توشی دڵەڕاوکێ و لە دەست دانی ئازادی دەبێت؟ دیارە کە پێشتر وتمان کە" هەستی ئەویتر " تەنیا بە یەک تاکەکەس یان سیستەمی کات نیە. خەڵکی زۆر هەن کە بۆ میسال، بە هۆی خراپ بونی شۆێنی ژینگە، توشی دڵە راوکی و لە دەست دانی ئازادی دەبن. هەزاران هۆێتریش هەن_ وەکو شەڕی نێو دەوڵەتی ، کە کاریگەریەکی قوڵ و قۆرس دەکاتە سەرتاکەکەس و تەواوی جەماوەر_ دژایەتی لە نێوان چینەکان و ڕەگەزەکان _ جێا بونی بیر و باوەڕی ئێگۆ لە تەك خەڵکیتر _ وەزعیەتی ئێکۆنۆمیکی وەڵات_ جێاوازی فەرهەنگی لە هەمو بۆارەکاندا لە نێوان خەڵکی ،هتد…
هەموی ئەوانە دەبن بە هۆی کاریگەری کردنی فینۆمنەکان لە یەکتر و بە تایبەت ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەرییانە لە" هەستی خۆد ".
ئەمە یەکلاێ باسەکەس. لایەکیترئەوەیە کە " هەستی خۆد " یش، ئەو توانائیەی هەیە کە لە سەر بەرانبەرەکەی، تاسیر یان کاریگەری هەبێت. بۆ نمونە گۆڕینی سیستەمێك لە بۆاری تەکنۆلۆژیاوە _ یان گۆڕینی سیستەمێكی سیاسی بە دەست تاکە کەسێك، بۆ میسال مەهاتما گاندی، یان ئەدیسۆن.
ئیستە لاموایە ئەو خاڵە بە ڕونی دیارە کە " کردەوە " فینۆمنێکی زۆر گرینگە. بەڵام پرسیارێك بە هێزی زۆرەوە بە نادیاری، خۆی شاردووتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دەکرێت بێ ئەوەی کە " هەستی خۆد " بڕواتە نێو بازنەی " هەستی ئەویترەوە "، ئازادی خۆی بپارێزێ؟
لاموایە کە ئەگەر " پیوەندی " و " کاریگەری " لە نێوان فینۆمنەکاندا نەبوایە، دەکریا کە ئازادی بپاریزدرێت. بەڵام هەروا کە بینیمان و ئاشکارە، تەواوی فینۆمنەکانی گەردون، لە سەر یەکتر کار دەکەن و ئەو کار کردنە تەنیا بە هۆی "پەیوەندی" کە لە نێوانیاندا هەیە، پێك دێت.
ئیستە بڕۆینە سەر ئەوەی کە ئەو پێوەندیە لە کوێیەوە سەر چاوە دەگرێت؟ بە ناسینی ناخەکانی ئەو پیوەندیە لە نێو فینۆمنەکاندا، لاموایە بۆمان دەر دەکەوێت کە لە ئاکامدا، وەزعیەتی ئێگۆ لە تەك " ئازادی " دا چیە و چۆنە!
بۆ ورد بونەوە لەو مەبەستە دەبێت وەزعیەتی ئێگۆ لە " زەمان " دا، شی بکرێتەوە.
دیارە لە هەنگاوی یەکەمدا، لاێ خەڵك " زەمان " لە سێ شێواز، خۆی نیشان دەدات( هەڵبەت ئەمە لە بابەتی فەلسەفیەوە دروست نیە… کە دواترئیشارەی پێ دەکەم).
بەهەر کات سێ شێوەی زەمانی یان " کات " بە ناوەکانی زەمانی ئێستە یان حاڵ_ زەمانی ڕابردو_ وزەمانی داهاتو، ناسراون.
لە بیرمان نەچێت کە " هەستی خۆد " لە بۆاری ڕۆیشتنی زەماندا هەیە کە توشی گۆڕان دەبێت. و هەر وەها ئەو گۆڕانە لە نێو" مەکان " یان شۆێن یان جێگە_ جێ بە جێ دەکرێت.
لە بە شی دوهەمی ئەم لێکۆڵینەوە فەلسەفیە، لە "زەمانی حاڵ_ یان کاتی ئیستە" دەنووسم.
پێنجەمی مانگی مەێ ٢٠١٤
هەستی خۆد_ هەستی ئەویتر! _ ئازادی. بەشی دووهەم
زەمانی حاڵ_ ێیستە
* تەعریفی زەمانی حاڵ چیە؟ زەمانی حاڵ بریتیە لە هەزارن سات(نەك چرکە_ بەڵکولە چرکە زۆر چکۆلەتر_ یانێ چکۆلەترین ئەندازەی کات) کە هەر کام لەوساتانە، جێ خۆیان ئەدەن بەویتر. بەمواتە ساتەکان، جێگەی خۆیان دەگۆڕن _ یەکیان دەکەوێتە حاڵەتی ساتی پێشو، ئەویتر جێگەی پێشوەکە دەگرێتەوە و ئەم ڕوداوە بەردەوام درێژەی هەیە و تا ئەبەد دەڕوات. ئەگەر ئەم جێنشینیە پێش نەێت ، ماناێ قسەکە دەبێتە ئەوەی کە زەمان وێستاوە! دەشزانین کە وەها شتێك یانی وێستانی زەمان دروست نیە بەڵام دەتوانێت لە خێرایی و هێواشیدا خۆی نیشان بدات. بۆچی؟ چونکە لە زەماندا فینۆمنێك هەیە بە ناوی " جوڵە ". ئەگەر جوڵە ی فینۆمنێك لە سەرەوەی خێرایی تیشك یان دەنگ بێت، ساتەکان هێواشتر جێگەی خۆیان دەگۆڕن. ئەنشتەین ئەم خاڵەی ئیسبات کردووە.
بە ئاسانی ئەتوانین بڵین، شتێك یان فینۆمنێك لە زەمانی حاڵدا بوون، یان هەستی هەیە!
بە هۆی ئەو فینۆمنەوە، کەلەکاتی ئیستەدا هەبێت، دەتوانین زەمانی حاڵ فام بکەین. بە جۆرێکیتر ئەبێ بڵین، زەمان بێ ئێگۆ، مانای لە دەست دەدات. تاکاتێك کە ئێگۆ( من ) هەم و بوونم هەیە، دەتوانم زەمانی حاڵ دەرك بکەم. بە مردنی من، ئیتر زەمان لە هەر شێوازێکدا بێت، بۆ ئێگۆ، مانای لە دەست دەدات!
لاموایە ئەم خاڵە، یەکێك لە هۆەکانی ئەوە بو کە سورن کیەرگەگاردی دەنێمارکی، هیچ فینۆمنێکیتری غەیری" خۆد " یان ئێگۆی قەبوڵ نەبو وهەمو فینۆمنەکانیتر، لاێ ئەو بەتاڵ و بێ مانا بوون. کە لە بەشی یەکەمدا وەڵاممان دایەوە و ئیسباتمان کرد کە فینۆمنەکانی گەردونی، نەك هەر هەبونیان هەیە کە بونیان لەوانی دیکە، جێاواز و مۆستەقیلە.
ویستم ئەوە ئاشکار بێت کە زەمان، بە هۆێ ئێگۆ، دەتوانرێت وەکو فینۆمنێكی تایبەت، دیاری بکرێت. بەڵام ئەمە بە نیسبەتی تەنیا" من" دا، هەیە و بە دوای مەرگی من، ئیتر زەمان هیچ مانایەکی بۆ من نامێنێتەوە. دیارە کە بە پێچەوانەی ئێگزیستانسیالیسمی دینی سورن، زەمان بۆ تەواوی فینۆمنەکانی دی ( هەستی ئەویتر )لە جیهاندا، هەبوونی دیار و ئاشکارە و بە هیچ شێوەیەك، ناتوانرێت حاشای لێ بکرێت.
ئەمخاڵە تۆزێك شی کەینەوە کە چۆنە بە هەبوونی ئێگۆ، زەمان دەرک دەکرێت؟ تایبەتی زەمانی حاڵ!
ناخی باسەکە لەوێدایە کە دەبێت" خۆد " یان ئێگۆ، حوزوری هەبێت. ئەگەر نەبێت، وتمان کە زەمان بە نیسبەتی ئەوەوە، لە مانا دەکەوی. واتە حوزوری خۆد، بۆ دەرکی زەمان، زەرورەتی هەیە _ یان زەروورە.
من هەر لەم کاتەدا، یانێ رێك لە زەمانی حاڵدا، خەریکم ئەم بابەتە تایپ دەکەم. هاوکات خەریکم دێرەکان وناوەڕۆکی باسەکە دەخۆێنمەوە. ئەمە شتێکە یان ڕوداوێکە، کە لە زەمانی حاڵدا ڕو دەدات. کە هەر دێرێك تەواو دەبێت، دەکەوێتە بەرەی " زەمانی ڕابردوو "_ چ لە کاتی نوسین و داننانی نۆقتەی فیزیکی بۆ دێرەکە، چ لە بابەتی ماناوە. بەڵام وردبینتربڕوانین خەریکە بە ڕاستی چی ڕو دەدات؟
من لە کاتی ئیستەدا، خەریکی نوسینم. هەر دێرێک و هەر فامێک لە دێرەکە، ئەگاتە یەك خاڵ یان نۆقتە. ئەمە یانێ من لە سەر باڵ یان شەپۆلی ساتەکانی زەمانی حاڵدا، خەریکم ڕابردو پێك دێنم! بۆچی؟ چونکە دێرەکان و ماناکەیان و تەنانەت خۆیشم خەریکم پیرتردەبم و بە مانایەکی فەلسەفی دەڕۆمە" ڕابردوە وە". بەڵام ئایا ئەم ڕوداوە تەواوە؟!
نا. من هاوکات کە خەریکی پێکهاوردنی ڕابردوم، خەریکم بەرەو" داهاتو "دەڕۆم! بەڵام لە کاتی ئێسەتدا دەژیم! و لە ڕاستیدا بەرەو داهاتو، ڕادەکێشرێم!لەلایەکیترەوە، دەمەوی ئەوی بم کە لە داهاتودا دەبم! بەڵام هیچ دیار نیە ئەگەر ئەم ئامانجە لە داهاتودا، هەر وا بێت کە خۆم دەمەوی! چونکە من لە ڕابردو، دابڕاوم ولە داهاتوش جێام! واتە" هەستی خۆد " بە مانایەکی فەلسەفی ڕێك و دروست، ئەو هەستیەیە کە ئێستە هەیە. ئەم هەستیە لەمخاڵەدا زۆر لە هەستی ڕەها نزیکە، بەڵام هەرگیز ناگات بە هەستی ڕەها! چونکە بەردەوام ساتەکان، هان لە حاڵی گۆڕاندا و جێ بە جێ دەبن و هاوکات منیش جێ بە جێ دەبم و لە جێگای خۆم( کە زەمانی حاڵە ) نامێنمەوە!
تکایە لە بیر نەکەین کە هەموی ئەم ڕوداوانە، لە زەمانی حاڵدا، ڕو دەدەن. بەڵام ئەگەر ورد بڕوانین، دەبینین کە ڕابردو_ و هەر وەها داهاتو، لە زەمانی حاڵدا خاڵێکی کۆمۆنیان( هاوبەش- شەریک) هەیە. باشە چۆن و بۆچی؟
من بونەوەرێکم کە هەر ئیستە خەریکی تایپی ئەم بابەتەم_ من لە زەمانی حاڵدا دەژیم یان بونم هەیە_ بەڵام هەر لە زەمانی حاڵدا بەرەو " داهاتو " ڕادەکێشرێم! _ هاوکات خەریکم " ڕابردو " پێك دێنم!
من لە زەمانی حاڵدا خەریکی نوسینم_ نوسراوەکە لە داهاتودا، دەکەوێتە دەست و بەر چاوی کەسێك و دەێخۆێنێتەوە_ هیچ ئاشکرانیە وناتوانم ئیسباتی بکەم کە من لەو کاتەدا، بونم هەبێ! بۆچی؟ چونکە " داهاتو " هێشتا نەهاتووە. بەڵام دەتوانم تەنیا گۆمانێکم هەبێت کە، لە داهاتودا چی ڕودەدات؟ من ئەم گۆمانە ناو دەنێم " ئیمکان_ یان ئیمکانات ".
یەك خاڵی زۆر گرینگ ئەوەیە کە بزانین، من ئەو کەسە نیم کە لە ڕابردو، بووم!. ئێنجا من ئەو کەسەش نیم کە لە داهاتودا، دەبم! واتە لە هەر دو ئەم حاڵەتە زەمانیە جێام و لە کاتی ئێستەدا، هەستی من لانی کەم بۆ خۆم( یان هەستی خۆد ) دیار و ئاشکارە. بەڵام بۆچی؟
دیارە بە هۆێ فینۆمنێك یان دیاردەیەك بە ناوی " جووڵە "یە کە، من توشی " گۆڕان " دەبم. و ئەم جووڵەو گۆڕانە، لەزەماندا جێ بە جێ دەکرێت وهاوکات لە مەکان یان شۆێن، بەدی دەکرێت.!
من ئەو کەسەێ پێشو نیم_ چونکە بەردەوام توشی گۆڕانم. وەکو میساڵ: ٣٢ ساڵی پێش، جۆرێك بووم. جۆرێکی تایبەت لە زەمانی حاڵیك، کە ئیستە گۆڕاوە وبە حاڵەتی ڕابردوودەرهاتووە. من هەم لە باری فیزیکی یان سروشتیەوە گۆڕاوم – هەم لە باری فیکریەوە! بەس تەنیا ئەمەش نیە. یانێ تەنیا " کات " نەڕۆیشتوە کە تەنانەت " شۆێن " یش، گۆڕاوە. بەم مانایە هیچ فینۆمنێک هەر لەم میسالە، وەکو خۆی نەماوەتەوە! ئەگەروەها نەبوایە و من هەر لە زەمانی حاڵدا بماێتمەوە( ماندگاریان نیشتەجێ بوواێم) ئیترزەمان، مانای خۆی لە دەست دابوو. واتە ئەگەر زەمانی حاڵ، لە حاڵەتی وەستاندا بێت و هیچ جوڵەیەك نەبایا، ئیترنەك دەمانتوانی " ڕابردوو " فام بکەین، نەك ئیمکانەکانی" داهاتوو ".
بۆچی وایە؟ مەبەست چیە؟
من تەنیا لە زەمانی حاڵدا دەتوانم، بیر لە ڕابردو بکەمەوە! هەرچی لە ڕابردودا بەدیکراوە، وەکوبیرەوەری لە مێشکی ئێگۆدا ماوەتەوە. بۆیە لە بەشی فارسیەکەدا نوسیم: ئێمە بە هۆی بیر کردنەوە لە ڕابردودا، دەتوانین ڕوداو یان بە سەرهاتی پێشو، لە زەمانی حاڵدا زیندو بکەینەوە. بە واتایەکیتر، ئێمە ڕابردو دەکێشین بۆ کاتی " حاڵ یان ئیستە ". هیچ بە دوری نەزانین کە هەر ئەو ڕابردوە کە ئیتر لە ئێمە جێایە! بیبەین بو داهاتوو!
ئیستە زانیمان کە١_ ئێگۆ دەتوانێت، لە زەمانی حاڵدا، ڕابردو، شی بکاتەوە، لێ ورد بێتەوە، جوانتر فامی بکات. ٢_ ئێگۆ لە بابەتی" داهاتو"دا، تەنیا دەتوانێت ئیمکانی یەك ڕوداو بزانێت. بەڵام تەنیا ئیمکانە. چونکە کات بە سەر نەچوە و داهاتو نەهاتووە! بەڵام دەتوانێ حەدس لێ بدات یان گۆمان بکات کە داهاتوی ڕوداوی ئیستە چۆن دەبێت؟
لاموایە دەبێت ئەوەش ئاشکرا بکەین کە، ئەو ئیمکاناتەی داهاتو، ڕەها یان مۆتڵەق نیە! بۆچی؟
با تۆزێك ئەم خاڵە ورد کەینەوە. میسالی پێشومان ( لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتە) ئەوە بو کە، ئاو لە ڕادەی ١٠٠ دەرەجەێ سانتیگرادا، دەگەێتە خاڵی جۆش( کۆڵین ). ئێمە لە زەمان یان کاتی ئیستە دەست دەکەین بە کۆڵاندنی ئاو لە " شۆێنێکدا ". بە ئەزمون و تەجرۆبە دەزانین کە ئەم ئاوە ئەگەر بگاتە ١٠٠ دەرەجەی سانتیگراد، دەجۆشێت. بەڵام چۆن داهاتو نەهاتوە، نازانین بە ڕاستی وەها دەبێت یان نا؟!
جارێ نازانین ئەگەر هەر ئەم فینۆمنی ئاوە، کە لە هەوا یان جەوی عەرزدا و لە ڕادەی ١٠٠ دەرەجە دەبێت بە هەڵم، ئایا لە ئەسترەیەکیتردا بە ڕاستی هەر لە ١٠٠ دەرەجە دەگات بە خاڵی جۆش و دەکۆڵێت؟ کێ دەزانێ؟ من تەنانەت لەم کاتەدا نازانم بە ڕاستی لە چ دەرەجەیەکدا لەو ئەستێرە دور و نادیارە، ئاو دەبێت بە هەڵم‼ واتە ئیمکانی مۆتڵەقی ئەم بابەتە، بە هیچ شێوەیەك نیە. تەنانەت ئەگەر لە سەر عەرز دەست بدەین بەم لێکۆڵینەوە و ئەزمونە، هێشتا مۆتڵەق نیە_ چۆن لە زەمانی حاڵداین و داهاتو نەهاتوە وئیمکانی ئەوەش هەیە کە ڕوداوێکیتر ببێتە هۆی ئەوە کە ئەزمونەکە تێک بدرێت و نەتوانین ئاوەکە بگەینینە ڕادەی ١٠٠ دەرەجە وشاهیدی هەڵم بین. زۆر ئیمکانات هەن کە لە داهاتودا دەژین و تا ئەو کاتەی نەگەیشتونەتە زەمانی حاڵ، ئێمە ناتوانین لە بارەیانەوە داکۆکی یان قەزاوت کەین. بەڵام دەتوانین هەر لەم کاتی " ئیستە " دا، حەدس یان گۆمانی ئەوەمان بێت کە وەزعیەت چۆن دەبێ!
هەر چەند باسەکە خەریکە تۆزك قۆرس دەبێت، بەڵام هاوکات دیارە کە تێدەکۆشین، لەوەی تێبگەین کە حاڵەتەکان یان ڕواڵەتەکانی فینۆمنەکان لە گەڕان و جۆڵەی زەماندا، چۆنن؟
دوپاتی دەکەمەوە کە زەمانی حاڵ بێ ئێگۆی ئیندویدواڵ ( من_تاکە کەس ) مانای خۆێ بە نیسبەتی منەوە، لە دەست دەدات. بەڵام بۆ فینۆمنەکانیترهەروا و تا ئەبەد درێژەی هەیە. ئەم قسە لە ناو خۆێدا، دەرخەری ئەوەیە کە " زەمان یان کات " فینۆمنێکی زۆر تایبەت ودرێژەدارە. ئەوەیشمان بەیان کرد کە ڕوداوەکان لە درێژەی زەماندا، لە فینۆمنیکیتر بە ناوی" مەکان " یان شۆێن، جێ بە جێ دەکرێن.
هەروا دەبێ بڵین کە، " خۆد " لە درێژەی زەماندا، هەموکات خەریکی " گۆڕان "ە و ناتوانێت لەم گۆڕانە خۆێ ڕزگار بکات. من وەهام فامکردوە کە هیچ فینۆمنێکی گەردونی نیە کە توشی ئەم ڕوداو وگٶڕانە نەبێت_ بەڵام هاوکات سورم لە سەر ئەوەی کە هیچ فینۆمن و ڕوداوێکیش" رەها " یان مۆتڵەق نیە و نابێ!
بینەوە سەر باسی" خۆد " لەم حاڵەتانە کە باسمان کرد.
خۆد، بە هۆی بونەوەرێکیتر یان" هەستی ئەویتر "، خۆی دەبینێتەوە! ئایا مانای قسەکە ئەوەیە کە" هەستی خۆد"، بە هۆی " هەستی ئەویترەوە " خۆی دەناسێتەوە و هەست بە بوونی خۆی دەکات؟
ئێمە لە بەشی یەکەمدا وتمان کە پێوەندیەك هەیە لە نێوان" هەستی خۆد_ " دەگەڵ " هەستی ئەویتر "دا. و ڕونمان کردەوە کە ئەو پێوەندیە، دەبێتە هۆی " خۆد پەیا کردن "ی خۆد. یان ناسینی خۆد. و میسالی ئەو کۆرەمان هێنا کە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکی ئێگۆ( باب یان دایکی). و ئەو دڵەڕاوکیە بەهۆی، بەرپرس زانینی ئێگۆ، بەرانبەر بە فەرهەنگی کۆمەڵگەوە پێك هات. واتە " هەستی ئەویتر " لە سەر " هەستی خۆد" کاریگەریەکی ئاشکاری هەیه. لێرەدا دەمەوێ بڵیم کە " هەستی خۆد " لە زەمانی حاڵ، یان کاتی ئیستە، توشی قەیران و گۆڕانە لە تەواوی بنەماکانی خۆی و هەستی ئەویتردا.
هەستی خۆد، لە زەمانی حاڵدا ئەو فینۆمنەیە کە، جێا لە تەواوی هەستی گەردونی، شاهیدی زۆر شتە وهاو کات کە ڕوداوی جۆراوجۆر بە سەریا دێت، ئەوەیش دەبینێت کە فینۆمنەکان لە شۆێنی خۆیاندا نامێنن_ ئەوەیش جوان دەزانێ کە خۆیشی دەگەڵ جوڵەی زەماندا، خەریکی جووڵەیە. ئەگەر ئەم جوڵەیە نەبێت، مانای قسەکە دەبیت بەوە کە " زەمان یان کات " وێستاوە‼
ئەگەر زەمان وێستابێت، ئیتر" خۆد " ناتوانێت گۆمان بکات لە داهاتو_ هەروەها ناتوانێت ڕابردو، شی بکاتەوە و باز دوبارە ناتوانێت بیرەوەری ڕابردو بهێنێتە زەمانی حاڵ. ئەگەر فینۆمنێکی وەها بوونی هەبێت کە زەمان کاریگەری لە سەر نەکات و لەو سێ بەشەی کاتدا، بە شێوازێکی یەکسان بتوانێت هاتوو چوو بکات و دەسەڵاتی هەبێت بە سەر کاتدا وە هەروەها بتوانێت لە هەر سێ بەشەکەی کاتدا حوزووری هەبێت کە شتێکی نا سرووشتییە! بە وەها فینۆمنێک دەڵین سەرەوەی سروشت! کە لە کۆمەڵەی میتافیزیادا، بە ناوی " خۆد-ا" بەناوبانگە.
نازانم بۆچی خەڵکی تێنافکرن کە ووشەی" خۆدا " بەخاتری چی لە بناخەوە، خاوەنی " خۆد " ە؟! فینۆمنی" خۆد " لێرەدا چی دەکات؟ بۆچی ئەم ووشەیە بەم ئاشکرائیە گرێدراوە بە " خۆدا "؟ کی ئەم " ا " یە، بە هەستی خۆد، ئیزافە کردوە و مەبەستی چی بووە؟
بەهەر کات ئەو فینۆمنە کە بتوانێت لە زەمانی حاڵدا، وەها وێستابێت کە وەکو سەرەوەی سروشت، کردەوەی بێت، ئەبێ بتوانێت دەست بخاتە ناو ڕابردو و هەر وەها بتوانێ داهاتوی " خۆێ " و داهاتوی تەواوی فینۆمنەکانی گەردونی بزانێت و بیانناسێتەوە.! واتە توانای ئەوەی هەبێت کە هەم ڕابردو کۆنترۆڵ بکات، هەم داهاتوو. لە لاێەکیشەوە، هاوکات بتوانێت لە زەمانی حاڵدا حوزوری هەبێت! تازە وەها فینۆمنێك کە توانای حوزوری لە زەمانی حاڵدا هەیە و شاهیدی گۆڕانی تەواوی فینۆمنەکانیترە، دەبێت شاهیدی گۆڕانی خۆیشی بێت! یانێ هاوکات ڕابردوی خۆی وگەردون و هەمو فینۆمنەکانی دیکە بزانێت ولە کاتی حاڵدا هەبوونی هەبێت و بتوانێت داهاتوش ببینێ و لەداهاتوشدا حوزوری بێت! ئەگەر وەها فینۆمنێک هەبێت، دەتوانین ناوی بنین " هەستی وێستاو " کە ئەو هەستیە، سەرەوەی سروشتیەو فەرا- زەمانە. ئایا بەیانی ئەم فەلسەفە لێرەدا میتافیزیکی نیە؟
بۆچی میتافیزیکی؟ چونکە بە زانست و بە فەلسەفە دەزانین کە هیچ فینۆمنێكی وێستاو لە تەواوی گەردوندا نیە و نەبوە. هەستی خۆدی گەردونیش لە هەر شەپۆلی زەمانیدا، خەریکی گۆڕانە_ ئەم گۆڕانە دیارە کە کاریگەری هەیە لە سەر، سەرتاسەری گەردون. بەمواتەیە هیچ شتێك مۆتڵەق نیە وناتوانێت خۆی لە گۆڕان ڕزگار بکات. مانای فەلسەفی باسەکە لەوێدایە کە _ کاتێك هەمو فینۆمنەکانی گەردون توشی گٶڕانن ولە جێگەی خۆێان نامێنن، واتە وێستاو نین. ئەگەروێستاو نین، یانێ خەریکی گەڕیان و گۆڕانن. ( زەمانی حاڵ _ ڕابردو_ داهاتو، بۆیان بەدی دەکرێت). بەڵام یەك پرسیار. میتافیزیا چۆن توانیویە خۆی لەم پرسیارە ڕزگار بکات کە چۆن دەبێت فینۆمنێکی " وێستاو " هەرگیزتوشی قەیران و گۆڕان نەبوبێت؟ چۆن دەبێت کە فینۆمنێکی ویستاو، شاهیدی جۆڵەی فینۆمنەکانیتر بێت؟ ولە تەوای حاڵەتەکانی زەمانیدا، دەرکیان کات یان بیانناسێت؟! لە حاڵیکداخۆیشی توشی گەڕیان و گۆرانە؟!
من لاموایە کە سورن کیەرگەگارد، لەم بۆارەدا بو کە ئێگزیستانسیالیسمی دینی خۆی، بەرپا کرد و جێاواز لە خۆ، تەواوی گەردونی بە خەیاڵ دەناسی! لەکاتێکدا ئاشکرایەلەژمارە بەدەر فینۆمنیترلە گەردوندا، بوونیان هەیە. هەرچەند ئێگۆ بە هۆی بیر کردنەوە، تایبەتمەندیەکی بۆ خۆی هەیە. چونکە " هەستی ئەویتر " لە " هەستی خۆد " کاریگەری دەکات وپێچەوانەی ئەم کاریگەریەش لە لایەن" خۆد "ەوە، دیارە. گەرچی هێشتا نەمانتوانیوە وەزعیەتی خۆد، دەگەڵ ئازادیدا، بەو جۆرەی کە دەبۆایە ئاشکرا بکەین. بەڵام حەتمەن دەڕۆینە سەر ئەوەی کە لەم هەمو ڕوداو وگۆڕانکاریە لە گەردوندا کە " خۆد " تەنیا یەك فینۆمنە لەوێدا، ئاکامی " خۆد " بە نیسبەتی ئازادی، چیەو چۆن دەبێت؟ بەمواتەیە، یەکێك لە خاڵەکانی گرینگی ئەم زەنجیرە فەلسەفیە، ئەوەیە کە ئێگۆلە حاڵەتەکانی زەماندا، چۆن دەتوانێ بە ئازادی بژی؟ یان خۆی لە ژیانێکی" ئازاد " نزیك بکاتەوە. لاموایە هەر لەوێدا قسە لە" فەرا ئینسانی " نیچەش دێتە ئاراوە.
ئیستە زانیمان کە " هەستی خۆد " لە زەمانی حاڵدا، خاوەن یان توشی چ حاڵەتگەلێکە؟ ولاموایە توانیومانە تۆزێك بڕۆینە ناخی فەلسەفەی زەمان و حاڵەتی " حاڵ یان ئێستە " لە پێوەندی تەك " هەستی خۆد " دا، بەیان بکەین. ئەوەش ئیزافە کەم کە ژان پۆل سارتێر دروست ئەڵێت کە " هەستی خۆد " ئەو فینۆمنەیە کە هەستی خۆی، دەرک دەکات یان دەێناسێتەوە و دەزانی کە بوونی هەیە ودەگەڵ تەواوی هەستیدا، پێوەندیەکی هەیە کە لە ڕێگای" زانین و ئاگاهی " دا، بە دەست دێت.
واتە " هەستی خۆد " خاوەنی دیاردەی" فیکر " و بیر کردنەوەیە وتا کاتێک کە هەبونی بۆ هەستی خۆد هەیە، ئاشکارا لە " ڕابردو " جێایە. بەمجۆرە ئێمە لە زەمانی حاڵدا بە ناچاری بەرەو" داهاتو " ڕادەکێشرین! زۆر گرینگە کە بزانین" هەستی ئەویتر " بە هۆێ " هەستی خۆد"ەوە، هەستی پەیدا دەکات! بۆچی و چۆن؟ ئێمە دەزانین کە" بەرد "یان کێو، هەستییەکیترە( فینۆمنێکی دیکەیە)، بەڵام بەرد بۆ خۆی نازانێ کە " بوونی " هەیە_ ئەوە هەستی خۆدە کە، ئەو فینۆمنە دەناسێتەوە وهەستیەکەی بەیان دەکات_ هەر چەند ئەم دوهەستیە، لە یەك جێان! بەڵام لەنێوانیاندا پێوەندیەك بە ڕونی ئاشکارە. ئەوەش دیارە کە لەم میسالەدا" هەستی ئەویتر " لە بەرانبەر" هەستی خۆد " دا، حوزوری هەیە.
ئەڵبەت کە ئەڵیم حوزوری یەك هەستی! بەم هاسانیە نیە. حوزوری زۆر هەستی هەن کە تەنیا ڕەهەندی سروشتی و فیزیکییان نیە_ بەڵکوبە شیووازی جۆراوجۆر، هەستەندەیی خۆیان پیشان دەدەن. بۆ میسال، منی نوسەری ئەم بابەتە بۆ تۆی خۆێنەر، لە نێو دێرەکان و وشەکاندا، بەدی دەکرێم_ لە حاڵەتی زەمانی حاڵ یان ئێستەدا خەریکی نوسینم و وردە وردە دەکەومە ڕابردوەوە_ بەڵام تۆ لە داهاتودا ئەم نوسراوە دەخۆێنیت و بۆت ئاشکرا دەبێت کە کەسێک بە ناوی نادر خەلیلی، بوونی هەیە. خاڵی هاوبەشی ئەم ڕوداوە چیە؟ غەیری فینۆمنی" فیکر "و فام لە دیاردەکان! وجیهانی وشەکان_ بەڵام لە چ شەرایەتێکدا؟ لە زەمانی دوفاقیانە و شۆێنی دوفاقیانە.‼ گرینگتر ئەوەی کە هەم من خەریکی جۆڵەو گۆڕانم و لە جێگای خۆمدا نامێنمەوە_ هەم تۆ کە لە داهاتودا ئەم نوسراوە دەخۆینیەوە_ هەرگیزای هەرگیز ئێمە وەکو دو فینۆمنی خاوەن فیکر، ناتوانین دور لەم گۆڕانکاریە و جێ بە جێ بوونە بین. ڕێك وەکوساتەکانی زەمان لە کاتی ئێستەدا. ئایا ئێستە بۆمان دەرکەوتوە کە "هەستی خۆد" لە بەرانبەر" هەستی ئەویتردا"توشی چەندەها چەمکی جۆراوجۆرە؟ جاری هەرلەم میسالی نوسینەدا، من خۆم توشی جۆرێك" دڵەڕاوکێم "‼ بۆچی؟ چونکە خەمی ئەوەم هەیە کە ئایا توانیومە ناوەڕۆکی بابەتەکە بگەێنم بە خۆێنەرەکەم؟ ئێنجا بابەتەکە چ کاریگەریەکی لە خۆێنەرم دەکات؟ ئایا ئەمە خۆێ لە ناو خۆێدا، نیشانەی بەرپرسی نیە؟ وئەم بەرپرسیە لەکردەوەی من کە نوسینە سەرچاوەی نەگرتووە؟.
بەم خاڵانە ئیشارەم کرد تا جوانتر ئاشکرا بێت کە بە ڕاستی لە نێوان" هەستی خۆد " و هەروەها " هەستی ئەویتر"دا، پێوەندیەکی تایبەت هەیە کە لەزەمانی حاڵدا خەریکە ئەنجام دەبێت وئەم کردەوەیە بۆ من دەڕواتە ڕابردوەوە، بەڵام بۆ تۆ دەکەوێتە داهاتو! _ هەر چەند داهاتوی تۆش هەر لەم میسالی نوسین و خۆێندنی بابەتەکە، دەگۆڕدرێت بە ڕابردوو…
بەمخاڵەش ئاماژە بکەم کە وکوخۆم، پێم خۆش نیە کە وتەی مارکس ڕاست بێتەوە کە فەیلەسوفەکان تەنیا خەریکی لێکدوانی مەسائیلی دەوروبەری هەستین وبۆ گۆڕانکاری ڕاستەقینەی ژیان وهەستی هیچ ناکەن! لاموایە کە ئەمە هەڵەیە وچ کردەوەی فەیلەسوفەکان و بیرمەندان هەبێت یان نەبێت، لە هەستیدا خۆی بۆ خۆی " گۆڕانکاری " روو دەدات. ئێنجا باس کردن لە هەموی ئەم بابەتانە، دەرخەری ئەوەیە کە دەمانەوی ژیانی ئینسان لە کۆمەڵگە و شۆێنی ژینگەی لە هەستیدا وبە تایبەت بە نیسبەتی " ئازادی" دا چۆن بێ؟ وتەنیا دەرک ولێکدوانی بابەتەکان نیە_ کە سورین لە سەر " کردەوە ". ئەو کردەوەی کە لە زەمانی حاڵدا روو دەدات ولە داهاتودا خۆی نیشان دەدات‼
لە بەشی سێهەم و درێژەی ئەم باسە، دەڕۆینە سەرکات یان زەمانی ڕابردو، بە نیسبەتی " هەستی خۆد " و هەوستی ئەویتر "، بەرانبەر بە ئازادی.
هەستی خود_ هەستی ئەویتر_ ئازادی
بەشی سێهەم _ زەمانی ڕابردوو
لە درێژەی ئەم لێکۆڵینەوە فەلسەفیە دا، بڕیارمان دا کە " زەمانی ڕابردو " شی بکەینەوە. ولەم بۆارەدا، لە وەزعیەتی " هەستی خود " و "هەستی ئەویترەوە" بە نیسبەتی ئازادیەوە، بنووسین.
وتەو تاریفی ئێمە لە زەمان ئەوە بو کە، زەمان پێکهاتووە لە بێنەهایەتی " ساتە کان ". کە هەر ساتێك جێگەی خۆی دەدات بە ساتێکیترو خۆی دەکەوێتە بەرەی " ڕابردو " و ئەم ڕوداوە بەردەوام درێژەی هەیە. و وتمان کە ئێمە دەتوانین، لە سەر زانین و ناسینی ڕوداوەکان، لە زەمانی ئێستە ( زەمانی حاڵ ) فیکر کەینەوە و لێکۆڵینەوەمان هەبێت و بە نیسبەتی داهاتوەوە، تەنیا ئەتوانین لە زەمانی ئێستەدا، حەدس یان گۆمانمان بۆ چۆنیەتی ڕوداوی فینۆمنەکان هەبێت.
ژان پۆل سارتێر دەڵێت: {بەم فەرزەوە کە ڕابردو، بوونی نیە، یانێ ڕابردو ڕۆێشتوتە نێو نەبوندا، گۆمانێکمان نیە. بەڵام لە کاتێکدا کە دەبینین بیرەوەری( بە یاد هاوردنی ڕوداوەکانی ڕابردو)بە هەبونی ئەو درێژە دەدات، دەبێت ڕابردو بە زەمانی ئێستە گۆڕابێت وبە مانایەکی دیکە ئەم بیرەوەری ڕابردوە، کاریگەری و نیشانەیەکی خۆی لە ڕەگەکانی مێشکی ئێمە، بە جێ هێشتوە}.
لەەم بۆارەدا دەبێت ئیشارە کەین بەوەی کە تەنیا ئەوە نیە ودەتوانین لە زۆر شٶێنیتردا، ئاماژە بە پێوەندی نێوان ڕابردو وهەروەها زەمانی ئێستە بکەین. بۆ میسال چاوکۆفسکی بڕوای هەیە کە، منداڵ پێش بە دونیا هاتنی، تەواوی سازمان و دەزگای یەك ڕێزمانی هەیە، بە دوای بە دونیا هاتنی وردە وردە، ئەو ڕێزمانەی وە بیر دێتەوە وکەڵکی لێ وەردەگرێ! ئەمە لە ناو خۆێدا من دەخاتە فیکری تیزی دوهەمی ئەفلاتون بە ناوی" تەزەکار" ( بە یاد هاوردن ). لێرەدا ئەم تێزە فەلسەفیە شی ناکەمەوە، چونکە لە باسەکە دورمان دەخاتەوە. ئەو فیکر وبۆچونەی چاوکۆفسکی دەرخەری ئەوەیە کە منداڵێك لە سکی دایکی، چۆنیەتی وشەکانی بیستوە وبە جۆرێك لە جۆران فێری بووە. ئەم خاڵە دورلە فیکری عیلمی و فەلسەفی نیە، چونکە دەزانین کە منداڵ لە سکی دایکی، ئاگای لە چونیەتی وەزعیەتی دەرونی و جۆری حیسی دایکی هەیە و دەتوانێت بۆ میسال لە شیوەی هەناسە کێشانی دایکی، خەم یان جۆش و خرۆشی دایکی فام بکات. لە بیر نەکەین کە ئەم دوفینۆمنە یانی دایك ومنداڵەکەی ناو سکی، پێکەوە پێوەندیەکی زۆر تایبەت وچەسپاویان هەیە! لە زمانی کوردی سنە و دەوروبەری بە ژنێك کە منداڵێکی لە سکدایە دەڵێن : " دوگیان " ! و ئەمە ڕاسته چونکە دو" گیان "( دو فینۆمن)، لە لەشێکدا(یەك فینۆمن) جێگیر بووگن…
دەتوانین بەمەش ئاماژە بکەین کە تەنانەت، گۆڵەکان وەها بونەوەرێکن کە دەتوانن گٶێ لە موسیقا بگرن و ئەم باسە پێشتر بە ئەزمون سەلمێندراوە _ جارێ هەر ئەم خاڵەش دەرخەری پێوەندی نێوان فینۆمنەکانە _ لێرەدا فینۆمنی نۆتی موسیقایی و فینۆمنی گۆڵێك. یان منداڵێك لە سکی دایك وخۆدی دایکی وەکو فینۆمنێکی مۆستەقیل _ هاوکات پێکەوە بوونان هەیە، بەڵام هاوکاتیش وەکو دوفینۆمنی تایبەت وجێواز‼
بەهەر کات کۆی خاڵەکە لەوێدایە کە فێر بونی زمان بۆ ئەو کۆرپەیە لە سکی دایکیدا، وەکو ئەزمونێکی ڕابردویی، لە کاتی ئیستەدا بە کار دەهێندرێت. واتە ڕابردو، سەر لە زەمانی حال یان ئێستە دەردێنێت _ یان بڵێن ڕابردو، لە زەمانی حاڵدا، بونی هەیە! جێا لە هەموی ئەمانە بابەتی " ئەزمون _ تەجرۆبە "، بە ڕابردوەوە پێوەندی هەبوە ولە ڕابردودا، شتێك بە ئەزمون دەر هاتوە، بەڵام لە زەمانی حاڵیشدا مانا پەیدا دەکات وبە کار دێت. ئایا ئەمە نیشانەی هەبونی " ڕابردو " لە کاتی " حاڵ " دایە؟!
ژان پۆل سارتێر لە بەیان و لێکۆڵینەوەی " ڕابردودا "، لە کتێبی Being and Nothingness دەڵیت: هەرواکە " ماڵرۆکس " وتویەتی: کارەساتترین بابەتی مەرگ ئەوەیە کە مەرگ بە سەرنوێشت( داهات) دەگۆڕدرێت. و لەم بابەتەوە وای تێدەگەین کە مەرگی" هەستی خود" بە " هەستی بۆ ئەویتر " لە ناوەڕۆکەوە دەگۆڕدرێت. من تەنیا بەرپرسی مەرگی پیەر(Pear)م. واتە مردوەکان کە ناتوانن بڕۆنە نێو ڕابردوی کەسێکی تایبەتەوە کە بەدونیا دێت، واتە لە ڕابردودا نین، بەڵام هەم خۆیان و هەم ڕابردویان لە بەین چووە. یانێ ئەمە زیندوەکانن کە خاوەنی ڕابردوون. دواتر ئەڕواتە سەر میسالێك و دەڵێت: ئێمە ناتوانین کاتێك کە دەبین بە ساحیبی ئەسبێك یان ئۆتۆمۆبیلێك، ڕابردوی ئەوانەمان وە دەست کەوێ بەم مانایە کە " ڕابردو " ناتوانێت بە مڵکی کەسێك دەر بێت ولە زەمانی حاڵدا ببێتە خاوەنی، لە حاڵێکدا کە ئەم ڕابردویە کەوتوتە دەرەوەی ئەوەوە. ئەم پێوەندیەی دەرەوە چاڵێکی قوڵی لە نێوان زەمانی حاڵ و ڕابردودا پێك هێناوە کە لە چەند بابەتی تایبەتدا وەکو دو فینۆمنی دژی یەك کار دەکەن ولە تەك یەکتردا پێوەندیان نیە. زەمانی ڕابردو دەتوانێت گۆمانی زەمانی حاڵ نیشان بدات بەڵام ناتوانێت خۆی ببێتە زەمانی حاڵ، واتە ئەمە زەمانی حاڵە کە قسە لە ڕابردو دەکات.
قسەکانی سارتێرزۆر بە دڵ دەنیشێتەوە بەڵام لاموایە کەچەند نۆکتەی زۆر گرینگ لەم بابەتەوە کەوتوتە پەراوێزەوە. بە پێچەوانەی ئەوەی کە سارتێر دەڵێت، ئەوە زیندوەکانن کە خاوەنی ڕابردوون _ ڕویشتوەکان یان مردوەکانیش لە شەرایەتێکی تایبەتدا زیندوون! بەڵام بۆچی و چۆن وەها دەبێت؟
ژان پۆل سارتێر نوسەری کتێبی "هەستی و نا- هەستی"، لە دەیان ساڵی پێشدا مردووە.! و لە بابەتی سروشتی یان فیزیکی، گۆڕانێکی زۆری بە سەردا هاتووە، کە لە بۆاری حیساب و عیلمی فیزیکدا دەتوانرێت بژمێردرێت و بپێوێت وبەیان بکرێت. بەمواتەیە ئەو لە بابەتی سروشتیەوە توشی گۆڕانکاری بوە و گرینگتر ئەوەی کە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریەدا، " کاریگەری " خۆی لە دەست داوە وئیتر ناتوانێت کتێبیکیتربنووسێت! بەڵام گۆمانی ئەومان هەیە کە بە هۆی تەسیر وکاریگەری نوسراوەکانی وهەموی ئەو وشانە لە کتێبەکانیدا، لە سەر نوسەرێکی دیکە_ هەر ئەو بیر و بڕوایانە بە شیوازی ئەو نوسەرە تازەیەی کە بە دوای سارتێردا هاتوەتە دونیاوە، درێژە پەیدا بکات. ئەمە بەس لە بابەتی تایبەتی سروشتی و فیزیکی سارتێرەوە. لە بابەتی فینۆمنی فیکری وبۆچونەکان، خودی سارتێرلە ڕیگای فینۆمنی " وشەکان "ەوە _ لە ڕابردوجێا بوەتەوە و گەشتوەتە حاڵی ئیستە! چونکە ڕێك هەر ئێستە، ئێمە لە بارەی سارتێرەوە دەنوسین و فیکر دەکەینەوە و دێرەکان تەك بیرەوەری و چۆنیەتی فیکری ئەودا، پێوەندیەکی زۆر تایبەتی هەیە. بەمواتەیە ڕابردوی سارتێر لە ژیانی کەسێکیتردا، درێژەی هەیە! واتە دەسکەوتی باسەکە دەبێت بەوەی کە " سارتێر زیندووە ". هیچ بە دوری نازانم کە ئەم بە زاهیر مردوە و لە "رابردو" نیشتەجێ بوە، لە کاتی ئیستەوە بەرەو داهاتو بڕوات‼ کە لاموایە بە هۆی خودی ئەم نوسراوە کە من هەر ئێستە دەێنوسم و تۆی خۆێنەر لە داهاتودا دەێخوێنیەوە، بازەم ئیسباتی هەبونی سارتێرە. چونکە هەردوکمان لە جیهانی فیکرەوە، خەریکین بابەتێکی تایبەتی ئەو، لێك ئەدەینەوە. ئایا ئەمە بەڕاستی نیشانەی زیندو بونی سارتێر نیە؟ ئەگەر ورد بڕوانین، بە جۆرێك لە جۆران ئێمە لەم لێکدوانە " مەرگ " مان خستە ئەولاوەوبە جێ " ژیان " مان، هێنایە ئاراوە‼
ئێوەلاتان وایە کە گیان بەخت کردوان" کاوە گرمیانی " یان سەردەشت عوسمان، مردوون؟ من لاموایە کە نا، زیندون. چ لە بابەتی جیهانی وشەکان کە بە قەڵەمی ئەوان نوسراون_ چ لە بابەتی کاریگەریەك کە لە" هەستی ئەویتر " دا هەبویانە و هەیانە. لانی کەم لە ئەم دوبۆارەدا، ئەم دوساحیب قەڵەمە زیندوون.
خاڵکیتری وەتەکەی ژان پۆل سارتێر لە سەر" مڵك و مەلیکیەت " یان خاوەن داری بوو. ئەو بڕوای وا بو کە " ڕابردو " ، ناتوانێت بە مڵکی کەسێك دەر بێت. بەڵام من لاموایە کە ڕابردوی فینۆمنێك کە فرۆشراوە و ئیستە کەسێکیتر خاوەنیەتی، بە شێوازێکی تایبەت سەر لە زەمانی " حاڵ " دەر دێنێ! سارتێر لە ئەسپێك میسالی هێنا و ئێمە دەڕۆینە سەر هەر ئەو میسالە. فەرز دەکەین و دەڵین ئەو ئەسپە لە ڕابردودا، جۆرێکی شیتی هەبوە یان لە شۆێنێکی دیاریکراوی تایبەت دا کە بیرەوەریەکی لێ هەبوە، وێستاوە یان ڕمی کردوە. هەرکات گەیشتوتە ئەو جێگایە رئاکشنێکی تایبەتی لە خۆی نیشان داوە_ ئەم شتە بوەتە ڕیفلێکسێك لەو ئەسپەدا. ساحیبە پێشوەکەی بەم بەسەرهاتە و بیرەوەریە وئەزمونە، ئاشنا بوە و دەیزانی کە لەو شۆێنەدا چی ڕو دەدا!
ئێستە ساحیبە تازەکەی، قەد ئاگای لەم " ڕابردوە " نیە. بەڵام ئەسپەکەێ کڕیوە و بوەتە خاوەنی. سارتێر دەڵێت کە ساحیبی ئێستەی ئەسپەکە، نابێتە خاوەنی ڕابردوی ئەسپەکە! من لاموایە پێچەوانەی ئەم بابەتە دروستە. بۆچی و چۆن؟
ئەگەر ئەم خاوەنە تازە، سوار ئەسپەکەی بێت و سەر لە ئەو جێگا تایبەتەی کە باسمان کرد، بێنێ. ئەسپەکە ڕابردو، دوپات دەکاتەوە و ڕم دەکات. بەمجۆرە ئاشکرا دەبێت کە " ڕابردو "ی ئەو ئەسپە لە تەکیا هاتوە تاکو زەمانی " حا ڵ ". بەڵام بۆ هەوەڵجارە کە ساحیبە تازەکەی، وەها ئەزمونێكی ڕابردویی، ئەزمون دەکات و توشی ئەو وەزعیەتە دەبێت. واتە ساحیبە تازەکە، خاوەنی ' ڕابردوی ' ئەسپەکەیە! چونکە ئەو ڕابردوە بە شیوەیەکی نهێنی لە بیرەوەری ئەسپەکەدا هەبوە و تاکو زەمانی ' حاڵ ' ڕاکێشراوە و هەر لە زەمانی حاڵدا، بە ئەزمون دەرهاتووە!
ئەمبابەتە دەرخەری ئەوەیە کە لە بواری کات یان زەماندا، ئیمکانی ئەوە هەیە کە ڕابردو بەرەو زەمانی حاڵ و هەر وەها بەرەو داهاتو، بڕوات. بۆیە لە بەشەکانی پێشوی ئەم باسە فەلسەفیەدا ئاماژەم بەوە کرد کە" ئیمکانات " لە زەماندا، کاریگەری تایبەتی خۆیان هەیە. ئیستە لاموایە گەیشتوینەتە ئەمخاڵ و نۆقتەیە کە بڵین، ئینسان لە زەمانی ئێستەدا دەتوانێت زۆرگرینگ بێت و لە ڕابردو و هەروەها داهاتو، کاریگەریەکی سەیری هەبێت. لە سەدان ساڵی پێش مەسەلەن کورد چی بووە؟ ڕەنگە هێندە گرینگ نەبێت، بەڵام هەر ئێستە خەریکی چیە وچۆن لە داهاتو کاریگەری دەکات، گرینگترینە. ئێمە هەر ئێستە دەتوانین ژیانی ئازاد یان کۆیلایەتی خۆمان دابین بکەین! هەر ئیستە دەتوانین بڕیار بدەین کە ژیانی ئیمە، بە نیسبەتی " ئازادی " دەبێ چۆن بێت؟ ئایا دەمانەوی ئازاد بژین یان هەر لە ژێر دەسەڵاتی چەن چڵکاوخۆری زلهێزی دور لە فامەکانی" ئینسانیەت "دا بین؟! کە هەمو کات دەیانەوی چۆنیەتی حاڵ و داهاتوی ئێمە دابین بکەن‼ مەگەر ئێمە خاوەنی" هەستی خود " نین؟ مەگەر ئێمە موستەقیل وخاوەنی تایبەتمەندی خۆمان نین و حەقی ژیانێکی ئازادمان نیە؟ دەبێ کەسێکیتر، بە فامێکیترەوە بۆمان بڕیار بدات کە چۆن بژین؟ ئایا ئەمە دژی هەستی و هەبونی ئێگۆ یان کۆمەڵگەی ئێمەوە نیە؟ من وەکو کوردێك خاوەنی خاکی خۆمم_ لەو خاکەدا گەوهەر ونەوت هەیە یان نا ئەسڵەن لەو خاکەدا هیچ نیە جێا لە ئازاروزەحمەت. ئەمە منم کە دەبێ چۆنیەتی ژیانی خۆم" ئازادانە "دابین بکەم. ئەوە کام کاڵفامە کە پەڕۆی ئەم و ئەو بەرز دەکاتەوە و بێ شەرمانە دەڵێت: من نۆێنەری تۆم! من دەڵیم وەها بژی_ وەها بڕو_ وەها بکە_ وەها مەکە_ وەها بیر کەرەوە_ بەمجۆرە بیر مەکەوە_ ئەمە بە قازانجتە_ ئەوە خراپە_ ئەمە باشە؟‼!
ئامانە یانێ چی؟ ئایا منی خاوەنی شۆێنی ژینگە وشارو لادێم کە دەبێ چۆنایەتی ژیانم دابین بکەم و چۆنایەتی بیر و فیکرم دەرببڕم، یان ئەویترکە هەستیەکی تایبەتی خۆی هەیە و دەیەوی چۆنیەتی هەبونی من بخاتە سەر قانون و کاغەز و بڕیار؟؟!ئەویش دروست و تەنیا لە بەر ئامانج و بەرژەوەندی هەستی خۆێدا؟!
نا. منی کورد وریام و دەمەوی بە وریایی و بە " ئازادی " ژیانم بە سەر بەرم و بە تەواوی هەبوونمەوە، ڕقم لە کۆیلە بوونە. و لەکۆمەڵگەی کۆیلایەتی دەڕشێمەوە وئەم ڕشانەوە، دەکەمە ناو چاو ئەوەوە کە دەیهەوێت چۆنیەتی حاڵ و داهاتوی من دابین بکات. من هەرچەند لە چەندبۆاردا توشی هەڵەم، بەڵام تێدەکۆشم هەڵەکانی بە ئەزمون کراوەی ڕابردوم، چاک یان ڕاست کەمەوە وبە تەواوی وجودمەوە " ئازاد " بژیم. نەك لە ژێرپەڕۆ و پەرچەمی کاڵفامێکی خۆ بە گەورەزان کە رەفتار و کردەوەی، بە تەواوی دژی ئینسان و کۆمەڵگەیە بچەوسێمەوە یان خەسێندراوم کەن! نا من ئەو ئێگۆیەم کە ئیتر وریام وئاگام لە زەمانی " حاڵ " ی خۆم وڕابردوم و داهاتوم هەیە. من هەم ولە "کردەوە"ی مندا، تۆی کاڵفامی ناڕسیست، بۆت دەر دەکەوی کە ناتوانی درێژە بدەی بەم هەموە ئەستەمەی کە لە زاتی تۆدا نێشتەجێیە!
بەمجۆرە " هەستی خود "ی من لە " هەستی ئەویتر " _ هەستی تۆی دەرەوە لە بازنەی ژیانی من، کاریگەری دەبێت. ڕاستی و ڕەسەنی ئەم فەلسەفەیە و ئەم بۆچونە کە لە زەمانی حاڵدا لە مندایە، لە داهاتودا دەر دەکەوی! ئێنجا هەردولامان دەتوانین لە سەری داکۆکی کەین. واتە بهێڵین با کات( زەمان)بڕوات. کە ئەمڕۆیشتنەش لە دەستی هیچ لایەکماندا نیە وزەمان کاری خۆی دەکات.
بینەوە سەر ناخی باسەکەمان. گرینگ ئەوەیە کە ئاگادارین لە هەر حاڵەتی زەمانیدا، شتێك بە ناوی " گەڕان و گۆڕان " ڕودەدا. پێشتر ئاماژەم بەوە کردبو کە ئەگەر ئەم گەڕان و گۆڕانە لە گەردون نەبێت یان لاچێت، ئیتر گەردون مانای ڕەسەنی خۆی لە دەست دەدا. منیش وەکو فینۆمنێك یان هەستەندەیەك لەم گەردونە پان و بەرینە دەژیم و بونم هەیە. لەم بونەشدا، بە هۆی زاتی خۆدی گەردون و هەبونی گەڕان، دەگۆڕدرێم! ئەمخاڵە زۆر گرینگە کە بۆمان ئاشکرابێت کە من ئەوە نیم کە لە رابردودا بووم. ئەوەش نیم کە لە داهاتودا دەبم‼ ڕەنگە ئێستە کۆیلە بم!و ژیانم لە ژێر پەڕو پەرچەمی ' هەستی ئەویتردا ' بە ڕێوە بچێت. ئەمە خۆی یەك هەستیە_ یەك بونەوەرە. بەڵام نامەوەی لەژێر ئەم پەڕۆە کۆنەوە بمێنمەوە( زەمانی حاڵ و ویستی ئێستەم وایە ). واتە من دەبم بەو هەستیە کە دەمەوی بم و تێدەکۆشم کە خۆم بگۆڕم_ هەرچەند چەندین گۆڕان لە مندا، ڕو دەدا. بەڵام لە بابەتی هەبونی داهاتوم، دەمەوی شتێکیتر غەیری ئەوە بم کە ئێستەم! بە مانایەکی ڕێكتروڕاشکاوانەتر، ئەو بونەوەرەی داهاتوی من ئیتر کۆیلە نیە و تێدەکۆشم کە کۆیلە نەبێت! واتا " هەستی خود "ی من لە تەك ئەو هەستیەی داهاتودا فەرق و جێاوازی دەبێت. چۆن؟ بۆچی؟
چونکە ویستی من لە کاتی ئێستەدا ئەوەیە کە پێشتر باسمان کرد_ ناچارەن ئەم بونەوەرە ناتوانێت لە داهاتوشدا هەر کۆیلە بمێنێتەوە. من دەمەوێ لە داهاتودا " ئازاد " بژیم ولەم زنجیرانەی دەست و پێم ڕزگار بوبێتم. بەمواتە کۆیلایەتی ئێستەم لە تەك ژیانی ئازادی داهاتودا، ناتوانێت یەکجۆر بێت! هەر وا کە ڕابردوم شتێك بووە. بەڵام ئێستە لە ڕابردو جێام وژیانێکی تایبەتی خۆمم هەیە و خاوەنی بیر و هەستی ئێستەی خۆمم . بەم مانایە ناتوانێت ڕابردوی من، ڕێك وەکو داهاتوی من بێت. بۆمیسال: لە ڕابردودا، کەسێکی دی بۆ من بڕیاری داوە کە چی بکەم و چۆن بژیم! ئەو ژیانە بەوناوەڕۆکەوە تاکو ئێستە هاتووە_ بەڵام چۆن ئێستە( زەمانی حاڵ ) خۆم بەهۆی وریابونەوەدا وناسینی بە ئەزمون دەر هاتوی ڕابردو، بەو قەناعەتە گەیشتوم کە ئیتر بەس ! نامەوی کۆیلە بمێنمەوە _ هەستی داهاتوی من دەبێت ئەوەبێ کە خۆم ویستومە و ئەو هەستیە کە لە داهاتودا دێتە ئاراوە، بە تەواوی لە حاڵ و رابردوی من جێایە ولە هەمو بۆارەکاندا لە بابەتی فینۆمنۆلۆژیکیەوە، تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەمە وەکو ئیمکانێکە کە ڕێك هەر " ئێستە " بڕیارم بۆی داوە وئەو ئیمکانە لە چۆنیەتی ژیانی داهاتوی من قسە دەکات و نیشانەکانی خۆی دەر ئەخات. بەڵام چۆن؟
مەگەر نەمانگۆت کە زەمان بریتیە لە درێژەی ناتەواوی ساتەکان کە هەرکامیان بە توندی جێگای یەکتر دەگرن؟! وبۆمان دەر نەکەوت کە هەر لەم گۆڕانی ساتەکان یان وردترین ئەندازەی کاتی و زەمانی، شتێك بە ناوی گۆڕان و گەڕیان، ڕو دەدات؟ و بۆمان ئاشکرا نەبو کە منیش وەکو بونەوەرێك یان فێنۆمنێك لەم گەردونەدا، توشی گۆڕانم؟ واتە ناتوانم و نابێت و ناکرێت کە لە زەمانی حاڵدا مابێتمەوە وحەتمەن خۆم و تەنانەت شۆێنی ژینگەم، گۆڕاوە. هەموی ئەمانە یانی ئەوەی کە هیچ شتێك لە جێگای خۆی نەماوەتەوە و ئەم پڕۆسەیە هەرگیز ناوەستێ! ئەوەشمان سەلماند و ئیسباتمان کرد کە من ئەو بۆنەوەرەی ٣٢ ساڵی ڕابردو نیم! ئێنجا بەم ئەزمونەوە چۆن دەبێ کە ئەگەر ژیان بۆ من درێژەی هەبێ، لە ٣٢ ساڵی داهاتودا، هەر وا بم کە ئێستە هەم؟!
گرینگترین خاڵی بابەتەکەو خواستی من شتێکە بە ناوی " ئازادی ". بۆم وەها ئاشکرا بوە کە پێشتر ئازاد نەژیاوم و ئێستەش توشی زۆر زنجیری دەست و پی خۆمم.! بۆچی؟ چونکە هەستی ئەویتربە تایبەتی وەکو دیاردەی" سیستەمێك " لە هەمو بۆارەکانی ژیانمدا، خەریکە من کۆنترۆڵ دەکات. ئەم سیستەمەیە کە " ڕاێ " خۆی بە من دەسەلمێنێت ولە من کۆیلەیەك ساز دەکات کە خۆی پێویستیەتی. ئێنجا ئەو هەستیە کە لە سەرەوە دانیشتوە، بێ گەران وکار و ژیان و هەستی من، لە بابەتی هەستیەوە، لە مانا خاڵیە‼! وهەبونی منە کە دەبێت بە هۆی هەبونی ئەو! ئەگەر من نەبم، ئەو چۆن دەتوانێ درێژە بە ژیانی خۆی بدا؟ ئەگەر من کار نەکەم وبایاخی ئیزافەی کارەکەم نەدزێت، چۆن ئەو دەبێتە خاوەنی ژیانێکی وەها شاناز و ئاسان؟ بەڵام بە پێچەوانەوە، ژیانی من، چرکە بە چرکە و ڕۆژ لە ڕۆژ، وەها دەمێنێتەوە؟ من کار دەکەم_ من جیهانی دەوروبەر دەڕەخسێنم، بەڵام ئاکام و بەرهەمی ڕەنجی من دەڕواتە گیرفانی" ئەویترەوە "! کەچی؟ جیهانی من بریتیە لە کۆیلایەتی و هەژاری و هەزاران سەخڵەتی_ ژیانی ئەویترلەو ئاستە دایە کە بە خەونی کەس نایەت! ئەم دوفاقیە لە ژیانی ئازادی ئەو و ژیانی کۆیلایەتی من، ڕێك لە چیدا کۆ هاتوتەوە؟ هۆی بناخەیی ئەم کارەساتە چیە؟
بەڵێ شتێك بە ناوی " هێز ". بەڵام ئەوەش لای من ئاشکرا بوە کە ئەو هێزە لە راستیدا خودی خۆمم کە هێناومەتە ئاراوە. ئەو هێزە لە منەوە سەرچاوە دەگرێت. واتە بۆم دەر دەکەوێت کە ئەمە خۆمم، لە " خود "ی ڕاستەقینەم جێا بومەتەوە و لە من ئەم کۆیلەیانە ساز کردوە کە ئەویتری زاڵم، وەکو سیستەمێك، بە منی کۆیلە هەر بەم تایبەتمەندی کۆیلایەتیە، پێویستیەتی!
لیرەدا دەبینین کە " ئازادی " لە مانای رەسەنی خۆی بە نیسبەتی منەوە و بە هۆی کردەوەی پێشو و ڕابردوی منەوە، لە دەست چووە. بۆم دەر دەکەوێت کە ئازاد نەژیاوم و هەستی ئەویتر، پێ خۆش نیە و نایهەوێت کە من ' ئازاد ' بژیم. بۆیە لە هەزاران ڕێگەوە، دێتە سەر ڕیگەم. ئەو وەکو سیستەمێك خاوەنی زۆر سیستەمی ورد وردی دیکەیە، وەکو تەواوی ڕۆژنامە گشتیەکان_ تەلەفیزیۆنەکان و کاناڵەکان_ سیستەمی دادوەری یان قەزایی _ پۆلیسی _ تەنانەت سیستەمی ئیداری وتەندرووستی! واتا تەواوی ئەم هەموە بەشە چکۆلانە کە هەیکەلی سیستەمی گەورەی سەرەوە پێك دێنن، خەریکی تەنیا یەك شتن _ خەسێندن وکۆنترۆڵ کردنی ژیان و هەستی من!!
دور کردنی من لە ماناو فام و ناوەڕۆکی " ئازادی "وژیانێکی ئازاد. چ وەکو تاکەکەس_ چ وەکو تەواوی کۆمەڵگە. ئەمە هەستی ئەویترە وەکو سیستەمێکی زۆر ئاڵۆزو لێك پێچراوە، خەریکە من دەخاتە ڕێگایەکەوە کە خۆی لە سەر ئەو ڕێگایە کاری قورسی کردوە و منی کردوە بە ڕێڕەوی ئەو ڕێگایە کە هەمو ئاکامەکان و خاڵەکانی بە تەواوی دژی " من "ە_ دژی ئازادیە_ دژی ئێگۆیە_ دژی هەستی کۆمەڵگەیە. بەڵام یەك پرسیار. ئایا تەواوی ئەم چیڕۆکە لێرەدا بە ئاخر گەیشتووە؟
نەخەیر. نا . بە ئاخر نەگەیشتووین. چونکە لەو جێگایە کە " هێز " (Power) بونی هەیە _ شتێك بە ناوی " بەرگیری "(Resistance)، بە تەواوی توانایەوە بونی هەیە! کاتێك بە ئۆتۆمۆبیلێك دەڕۆی، هەر لەم ڕۆیشتنەدا و لە نێوماشینەکە وتەنانەت خۆیشت، دو دیاردەی هێز و بەرگیری، بە هۆی ئەو پێوەندیە کە لە نێوانیاندا هەبونی هەیە، خەریکی بەربەرەکانین_ لە بەرانبەر یەکدا وێستاون. سەدان چەرخی نێو مۆتۆڕەکە لە گەڕانی خۆیاندا، و لە هەر ساتێکدا خەریکی بەرگیرین. بەڵی هێز کاری خۆی دەکات، بەڵام بەرگیریش لە سەدان شێوازدا، خۆی دەنوێنێ. ڕۆیشتنی سەیارەکە وەکو فینۆمنێکی تەکنۆلۆژیایی، بێ گیر کردن لە بەرانبەربەرگیری کێشەی زەوی، ناتوانێت دیاردەی ' ڕۆیشتن ' بە دی بکات یان پێك بێنێت. تەنانەت لە نەفەس کێشانی گیانلەبەرەکاندا، هیچ هەناسەیەك نیە کە لە بەرانبەریدا، "بەرگیری" خۆی نەنوێنێ. جا فیکر لەوە بکەینەوە کە "مەرگ" ئەگەرجۆرێك بەرگیری لە "ژیان" بێت، ئەم شەڕە لە هەر ساتە وەختێکدا درێژەی هەبوە و درێژەی هەیە! رێك لەو کاتەدا کە منداڵێك بە دونیا دێت، یان بڵین ژیانێك پێك دێت- ڕێك هەر لەو ساتەوختەدا، هەڕەشەێ مەرگیش، خۆی نیشان دەدات. ئەمە یانی چی؟ یانێ هێز و بەرگیری لە بەرانبەر یەکدا بونیان هەیە!
ئیستە بینە سەر ئەم خاڵە گرینگە کە" هەستی خود " لە بابەتی " ئازادی " دا، توشی چ وەزعیەتێکە؟ من پێشتر ئاماژەم بە چەند بابەت هەر لەم بۆارەدا کرد و لاموایە کە خۆێنەر، خۆی مەبەست وخاڵی سەرەکی بابەتەکانی وەرگرتووە. بۆیە بە پەلە دەڕۆمە سەر فینۆمنی" فەرا ئینسانی نیچە"یی.
ئێمە دەزانین کە سیستەمەکان لە تەواوی جیهاندا، خەریکی ئەوەن کە" هەستی خود " بکەن بە کۆیلەوتاکو ئەم ساتە وەختەش، سەرکەوتوون. دەتوانم بە هەزار، هۆ بێنمەوە سەر ئەم بابەتە. بەس ئیشارە دەکەم بەوەی کە وردە سیستەمەکان کە بە گشتی تەواوکەری فینۆمنی یەك سیستەمن،( وەکوڕۆژنامەکانی سیستەم- تەلەفیزیۆنەکانیان- سیستەمی پۆلیسی- تەبلێغەکانیان- ئامانجەکانیان- وە بە تایبەتی قانونەکانیان، هتد…)هان لە بەرژەوەندی خودی ئەو سیستەمە. ورد بونەوە لە تەواوی ئەم سیستەمانە و فام کردنی چۆنیەتی کاریگەریان لە سەر ئینسان یان ئێگۆ یان بە تەواوی فینۆمنی کۆمەڵگە، دەرخەری یەك خاڵی سەر سوڕهێنەرە! ئەویش بە کۆیلە کردنی تاکە کەس و بە گشتی کۆمەڵگەیە. کە وتمان لە سەراسەری جیهاندا تاکو ئەم ساتە وەختە، سەرکەوتوون.
قانونی ئەم سیستەمە جیهانیە، لە هەر گۆشەیەکدا کە دەیبینین، بە زاهیر و ڕۆاڵەت، ها لە بەرژەوەندی تاکەکەس و بە گشتی کۆمەڵگە و وەهاش نوسراوە و هەر وەهاش ئیدەعا دەکرێت! بەڵام ئەوەی کە بە ڕونی ئاشکراو دیارە، ئەم وەزعیەتەی " ئێستە یە" کە من لە دەیان نامیلکەو و نوسراوە و کۆنفەرانسدا ناوم ناوە" کۆیلایەتی نۆێ ". لێرا دەمەوی ئەم خاڵە ڕون کەمەوە کە " فەرا ئینسانی نیچە " بە پێچەوانەی تەواوی کۆمەڵگەوە، قانونی خۆی هەیە. باش زانیوەیەتی کە ڕابردوی پڕە لە کۆیلایەتی وکاتی ئێستەی دابڕانە و تێکۆشانە لە بەرگیری کردن لە ئەم کارەساتانە چ بەرانبەر بە تاکەکەس، چ بەرانبەر بە تەواوی فینۆمنئ کۆمەڵگەوە. ئەمە یانێ چی؟
ماناێ ئەم وتارە ئەوەیە کە وەها ئینسانێکی ورد بین ووشیار، ناچارە بەرانبەر بە قانونی دژی ئینسانی سیستەم و فەرهەنگی کۆمەڵگەی جیهانیدا، قانونی خۆی دامەزرێنێ! ئەو باش دەزانێ کە قانونەکان ، تەنیا بە ڕۆاڵەت ،لە بەرژەوەندی تاکەکەسەوە دامەزراون و ئاکامی کارەکانیان ڕێك پێچەوانەی وتەو ئیدەعاکانیانە. خۆدی قانونەکانیش دەڵێن کە ئێمە دیفاع لە هەستی و ژیانی تاکەکەسی لاواز و زەعیف دەکەین‼ جاری هەر لەم خاڵەدا یەك پرسیار دێتە ئاراوە. ئەوەی کە ئەگەر وایە، بۆچی ئەم هەمو زڵم و زۆرەملیە و ئەستەمە لە تاکەکەس دەکرێت وکۆمەڵگە لە تەواوی جیهاندا، لە بایەخەکانی ڕەسەنی خۆی وەکو " ئینسان " و " ئینسانیەت " بەتاڵ بوەتەوە؟ و بە گشتی دەبینین کە کۆمەڵگەی جیهانی ئینسانی خەسێندراوە؟! لاموایە هیچ وەڵامێکیان لێرەدا نیە.
ئێستە ' فەرا ئینسانی ' نیچە چی دەکات؟ تایبەتمەندی ئەو چیە کە لە خەڵکیتر جێاوازە؟
ئەوەڵین تایبەتمەندی وەها ئینسانێك ئەوەیە کە ناخ و هۆی کارەساتەکان دەناسیت _ ئێنجا پشت ملی خۆی دەگرێت (گۆی خۆی دەکێشێت)و خۆی ناچار دەکات کە لە " لاواز " بون ڕزگار بێت. مانای قسەکە ئەوەیە کە فەرا ئینسانی نیچە، بونەوەرێکی بەهێزە. وەها بونەوەرێك، چۆن ئاگای لە تەواوی ڕابردو و حاڵەتی حاڵی تاکەکەسی ئێستە هەیە، ئەو ئیزنە بە خۆی نادات کە دەست بدات بە زڵم کردن لە تاکە کەسی دیکە_ ئێنجا تێدەکۆشێت کە خەڵکیتر( هەستی ئەویتر ) وشیار بکاتەوە لەوەی کە بە سەریاندا دێت. ئەمە خۆی لە ناو خۆێدا شەڕێکە کە نابێت بە ئاسانی تەواشای لێ بکرێت. چونکە فەرا ئینسانی نیچەیی، بە هۆی خاوەن بونی قانونی خۆی_ قانونی دیکەی سیستەمەکان ڕەت دەکاتەوە! هەر لەم شەڕ و ڕەت کردنەوەدایە کە شتێك بە ناوی " بایەخەکانی ڕەسەنی ئینسان " دێتە ئاراوە. بۆیە زۆر جار بینراوە و بەدی دەکرێت کە فەرا ئینسانەکان، لە پێناوی ئەو شۆڕشە قوڵ و قۆرسە، گیانی خۆیان بەخت دەکەن.
لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، دەتوانم بۆ نمونە ئیشارە بکەم بە ناوی ناوداری" کاوە گەرمیانی ". کە وەکو فەرا ئینسانی نیچەیی کردەوەی هەبووە. سیستەم هەر چەند بە ڕۆاڵەت توانیویەتی گیانی سروشتی ئەو بستێنێ_ بەڵام هەرگیز نەێتوانیوە و ناتوانێ لە ئاکامی کردەوەی کاوە و کاوەکان، لە زەمانی حاڵدا و لە داهاتودا، بەرگیری بکات. بێ وتن دیارەکە وەها ئینسانێك لە مانای فینۆمنۆلۆژی ئیدمۆند هۆسرڵ و قوڵایی فامی ڕەسەنایەتی ئینسان و ژیان و ئازادی، هەرگیز نەمردوە و ناشمرێت! کاریگەری وەها ئینسانێك دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەزارانیتر، وریا بنەوە ودەقێقتر و وردبینتربڕواننە دەوروبەریان وژیانیان.
خاڵێکیتری گرینگ لەم باسەدا ئەوەیە کە فەرا ئینسانیکی وەها، ناتوانێت بێ " ئازادی " ژیان بە سەر بەرێت. واتە ئازادی و ژیانی ئازاد بۆ ئەو، ئەوەندە گرینگە کە حازرە هەموی هەستی خۆی لە دەست بدات، بەڵام نەبێت بە کۆیلە. لێرەدا بە جوانی دەر دەکەوێت کە ئەم بونەوەرە، چەندە خاوەنی قانون وهێزی خۆێە! فام کردنی ئەم دوفاقیانەی نێوان هێزی سیستەم و هێزی فەرائینسانەکان، دەرخەری زۆر بابەتی دیکەیە کە ناتوانێت لەم نوسراوە کۆرتەدا جێگیر بێتەوە. ئەمجۆرە ئینسانگەلە، بە باشی ناخ وناوەڕۆکی " هەستی خود "دەناسن وبە مانایەکی تەواوڕەسەن، لە بایەخی " خود بوون " شارەزائیان هەیە. و جوان دەزانن کە لە " خود " خاڵی بون و لەویترپڕ بونەوە، چەندە کارەساتی بەدواوەیە!
لیرەدا بەشی سێهەمی " هەستی خۆد_ هەستی ئەویتر_ ئازادی_ ڕابردو، تەواو دەکەم و بەڵین ئەدەم کە لە بەشی چوارەمدا، لە سەر " داهاتو " بنوسم. ئێنجا بزانین " هەستی خۆد " لە بابەتی " ئازادی " ولە بۆاری " زەمانی داهاتو "دا، خاوەنی چ وەزعیەتێکە؟
١٢مانگی مای ٢٠١٤
هەستی خود- هەستی ئەویتر- ئازادی. بەشی چوارەم. زەمانی داهاتوو
خوێنەری من تایبەتمەندیەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەروا بە سەرووشەکان ودیرەکاندا ناڕووات، بەڵکوقووتیان دەدات وبە باشی فامیان دەکات!
پێش ئەوەی کە بڕۆینە سەر وەزعیەتی زەمانی داهاتوو. لاموایە دەبێت جەخت بکەینە سەر ئەوەی کە ئەم لێکدوانە بۆ کۆی دەڕوات و مەبەست ئەخری ئێمەچیە؟ وەڵام بەم پرسیارە ئەوەیە کە ویستمان باشتر لە چۆنیەتی" هەستی خود " بەرانبەر بە " هەستی ئەویتر" یان تەواوی خودی هەستی، بە نیسبەتی " ئازادی " روون بکەینەوە و بزانین لە ئاکامدا ئەم هەستیە یان بوونەوەرە، دەتوانێت بەئازادی درێژە بدات بە ژیانی خۆی یان نا؟! ئەمە خاڵی زۆر سەرەکی بابەتەکەیە. چونکە زۆر لە خەڵکان پێان وایە کە تاکەکەس یان کۆمەڵگەکان لە بڕێك وەڵات وەکو ئۆروپا یان ئەمریکا مەسەلەن، ئازاد دەژین! کە من لاموایە پێچەوانەی ئەم وتراوە درووستە.
لەدرێژەی باسەکەدا، گەیشتینە خاڵی زەمانی " داهاتوو ". ئیستە بزانین ئێگۆ یان فینۆمنی هەستی خۆد لە کاتی داهاتوودا، خاوەنی چ وەزعیەتێکە؟ چۆن دەگۆڕێت و بۆچی؟ ولە هەمو گرینگتر ئەوەی کە لە کاتی داهاتوودا، ئایا دەکرێت بەرنامەیەکی بۆ دابڕێژین کە لە کۆیلەبوون ڕزگاری بێت و بە ئازادی درێژە بدات بە ژیانی خۆی؟ ئەگەر ئێمە بتوانین لە ڕادەیەکی بەرزەوە، ئەم دیاردەیە بگەیەنین بە ئازادی کە حەقی ڕەسەن و ڕاستەقینەی خۆیەتی، ئینجا دەبی بتوانین بیروڕایەکیشمان هەبێت بۆ چۆنیەتی ژیانی ئازادی تەواوی کۆمەڵگای جیهانی! بەڵام مادام بەو قەناعەتە نەگەیشتووین کە ئیگۆ یان هەستی خود و خودی ڕاستەقینە یان واقیعی، هێشتا دیل و کۆیلەیە_ ئیترناشتووانین قسە لە ئازادی کۆمەڵگەی جیهانی یان کۆمەڵگەی کوردەواری خۆمان بکەین! واتە: گرینگی ئەم باس و لێکۆڵینەوە تا ئەو ڕادەیە کە هەبوون و هەستی خودی خۆمان دەردەکەوێت کە چۆنەو بۆچی کەوتووتە نێو وەها گێژاوێك کە لە هەرلایەکەوە بە سەریا دەکوتن؟ وژیانی پڕ دەکەن لە مەترسی هەزاران لایەنە!
بەزووی دێمەوە سەرفینۆمنی هەستی " خودی ڕاستەقینە "_ بەڵام لێرەدا با وورد بینەوە لە سەر کاتی داهاتوو.
پێشتر ئیشارەمان کرد بەوەی کە ئەگەر زەمانی ئێستە یان حاڵ، لە ناو خۆیا بوەستی! مانای ئەو حاڵەتە دەبێت بەوەی کە ئیترناتووانین خاوەنی ڕابردوویەك، یان چاوڕوانی داهاتوویەك بین! وێستانی کات لە حاڵدا، یانی وێستانی زەمان کە وەهاشتێك هەرگیز بەدی ناکرێت. بەڵام یەك نۆکتە هەیە کە لەمخاڵەدا گرینگە_ بە وتەی ئیسبات کراوەی ئەنیشتەین، ئەگەر بونەوەرێك بتوانێت بە تووندی تیشك سەفەر بکات، کات یان زەمان بۆ ئەو بوونەوەرە زۆر شل وخاو دەبێتەوە وبە هێواشی دەڕوات. لێرەدا خاڵێکیتردەکەوێتە بەرچاومان کە ئەویش فینۆمنی "خێرایی" یان تووند رۆیشتن لە نێو زەماندایە کە لە چۆنیەتی ڕۆیشتنی کات وئەو فینۆمنەی کە خەریکی ڕۆیشتنە، کاریگەرییەکی تایبەتی خۆی دەکات. بە مانایەکی دیکە، حەرەکەت یان جووڵە، یەکێك لە گرینگترین فینۆمنەکانی هەستیە وئینسانیش بێ حەرەکەت لەناو خۆێدا و ژیانی لە نێو کۆمەڵگەی خۆێدا، یانێ بەتاڵ بوونەوە لە مانای ڕەسەنی هەستی ئەو، وەکوو بوونەوەرێکی خاوەن فیکر وهەستی لەنێو گەردووندا!
بە وتەی سارتێر: کات یان زەمان لە ساتەکاندا، بەرەوداهاتوو دەرئەچێت. بەڵام بەڕای من تەنیا وەها نیەو کات لە زەمانی ئێستەش ها ڵە حاڵی دەرچووندا بەرەو ڕابردووش! پێشتریش ئیشارەم کردبوو بەوەی کە کاتەکانی ڕابردو تەك داهاتوودا، لە زەمانی ئێستە یان حاڵ، خاڵێکی هاوبەش وجۆرێك شەریکییان هەیە. ئەم خاڵەش زۆرزۆر گرینگە_ بەڵام بۆچی؟ چونکە ئەم خاڵە دەرخەری ئەوەیە کە من لە زەمانی ئێستەدا، دەتووانم چۆنیەتی ڕابردووم بەدی بکەم_ و هەروەها دەتوانم چۆنیەتی داهاتووشم، لانی کەم بە گۆمانەوە بە دی بکەم یان بە دەست بێنم! مانای ئەم قسە ئەوەیە کە ئێگۆ- هەستی خود،( ئەمن ) دەتوانێت لە چۆنیەتی خۆی لە ڕابردوو یان داهاتوو، ئاگای بێت!
من دەزانم کە لە ڕابردوودا کۆیلە بووم_ بەڵام دەمەوی لە داهاتوودا لە کۆیلایەتی ڕزگارم بێت و بە ئازادی بژیم. ئەم خۆاستی منە، شتێك دژیهیچ فینۆمنێکیترنیە و حەقی سەرەکی و مافی سرووشتی و ڕەسەنی و ڕاستەقینەی منە‼ و ئەگەر بۆ وە دەست هێنانی وەها مەبەستێك کە مافی سرووشتی وزۆر ساکاری منە، دەکەومە نێوشەڕێك کە" هەستی ئەویتر "ئەو شەڕە پێك دێنێت وبەرگیری دەکات لە ژیانی ئازادی من، ئەوە باسێکی گرینگە کە لە کاتی خۆیدا، قسەی لێ دەکەین.
بینەوە سەرئەم خاڵە کە زەمانی ئێستە، بەرەو داهاتوو دەر ئەچێت. سارتێرلە کتێبی هەستی و نا-هەستیBeing and nothingness دەڵێت: "ئەوەڵ دەبێ بزانین کە هەستی لە خود، تاکوو ئەوکاتەی کە هەیە ناتووانێت داهاتووبێت، یان بەشێك لە داهاتوو لەخۆی ڕابگرێت. وەزعیەتی ئەستێرەی مانگ لە کەماڵ و بەدری خۆیدا نیە. کاتێك کە من وەزعیەتی مانگ تەواشا دەکەم، هەر ئەوەیە کە دەیبینم. مانگ نە لە ڕابردوودایە، نە لە داهاتوو. لە زەڕەکانی خۆێدا هەر ئەوەیە کە دەیبینم وهیچ حاڵەتێکی بەرەو داهاتوو نیە! مانگ هەستی کامیلە لە زەمانی ئێستەدا، بەڵام داهاتوویەك لە مانگدا بوونی هەیە کە لە کاتی ئێستەدا نابینرێت."
سارتێر لێرەدا دەیەوێت ئاشکرا بکات و جەخت بکاتە سەر ئەوەی کە حاڵەتەکانی" کات_ زەمان " سەربە خۆ یان موستەقیلن. مانگ هەر ئەوەیە کە لە کاتی ئێستە دەبیندرێت. بەڵام ئەوەش دیارە کە داهاتوویەك لە مانگدا بەدی دەکرێت کەلە کاتی ئێستەدا نابینرێت! واتە مانگ بەرەو داهاتوویەك دەڕوات کە لە کاتی داهاتوودا، هەستی تەواوی خۆی نیشان دەدات. بەڵام ڕێك لەم کاتەی ئێستەدا، ئەوەیە کە ئێمە دەیبینین.
دەبێ بەم خاڵە نادیارە ئیشارە بکەم کە هەرلەم میسالەدا، مانگ بە چاوی ئێمە مەسەلەن نیوەیە_ ئەمە وەزعیەتی ئێمەیە لە سەر زەویدا کە لەم گۆشە یان زاویەوە دەڕوانین، بەمجۆرە مانگ دەبینین_ بەڵام ئایا بە ڕاستی وەزعیەتی ڕاستەقینە یان ئێگزیستانسیالی سرووشتی مانگ هەر وایە کە بە چاوی ئێمە دێت؟ نا. مانگ لە ڕاستیدا هەرتەواوە_ بەڵام بە هۆی ئەوەوە کە بەنیسبەتی خۆر، مانگیش دەخۆلێتەوە وهەروەها بە نیسبەتی زەویش دەخۆلێتەوە، دەبێت وەزعیەتەکانیشی بۆ ئێمە بگۆڕدرێت. ئێمەلە نیوەی مانگدا، مانگ بە نیوە دەبینین، بەڵام ئەو نیوەیتری قەد وون نەبووە، هەر لە جێگای خۆیەتی، واتە مانگ لە ڕاستی ئێگزیستانسیالی خۆێدا هەر ئەوەیە کە هەیە. بەڵام بە نیسبەتی من لە سەر زەویدا، جۆرێکیتربەر چاو دەکەوێت. ئەمە یانێ چی؟ ئایا غەیری ئەوەیە کە هەستی ئەویتر هەر لەم کەیسەدا، یانێ خۆر و زەوی وهەروەها وەزعیەتی ئەوان بە نیسبەتی مانگەوە، لە هەستی من و مانگدا، کاریگەری هەبووە؟! واتە لێرەشدا هەر گەیشتین بە کاریگەری هەستی ئەویتر- لە سەر هەستی خود. ئێنجا ئەم هەستی خودە لێرەدا ئەگەر ئێگۆ بێت مانایەکی هەیە تایبەت بە خۆی_ ئەگەر هەستی خۆد دابنێن هەستی مانگ، مانایەکی دی دەگرێتەوە! بەڵام بە هەر کات کاریگەری هەستی ئەویترلە هەستی خود، جووان دیارە.
ئێستە بزانین ' داهاتوو ' ها لە کۆێدا؟ بە چ شێوەیەك بە دی دەکرێت؟
من لاموایە کە " داهاتوو " ها لە نێوخودی زەماندا_ لە ناو زات وجەوهەری زەماندا بوونی هەیە. بەڵام داهاتوو تەنیا یەك حاڵەتە لە زەماندا. وەکووئەوەی کە بڵین: زاتی چەقۆ، بڕینە! ئەگەر ئەو زاتە یان تایبەتمەندیە یان بڵین ئەو جەوهەرەی لێ جێا بێتەوە، ئیتر چەقۆ مانای خۆێ لە دەست دەدات. بەڵام داهاتوو بە چ شێوەیەك بەدی دەکرێت؟ ئەمە پرسیارێکی بە نیسبەت دژوارە. ئێمە پێشتر ئاماژەمان بەوە کردبوو کە زەمان بریتیە لە بی نەهایەتی " سا ت ". ئەم ساتانەش هەمووکات جێگەی خۆیان دەگۆڕن بە یەکتر. داهاتوو دێت، دەگۆڕدرێت بە ئێستە و ئێستەش دەکەوێتە بەرەی ڕابردوو. ئەم ڕووداوەش ووتمان کە بەردەوامە و ئەگەر کاتی ئێستە هەر لە کاتی ئێستەدا بمێنێتەوە_ مانای قسەکە دەبێت بەوە کە زەمان وێستاوە. ئەوەشمان ئاشکرا کرد کە وەها شتێك قەد بەدی ناکرێت بەڵام لە خودی زەماندا، چۆنیەتی خێرایی یان هێواشی لە ڕۆیشتندا کاریگەری دەبێت لە فینۆمنەکان. واتە زەمان شتێکی نا- وێستاوە! هەر چەند دەبێ جەخت بکەمە سەر ئەوەی کە لە گەرووندا، هێچ فینۆمنێكی وێستاو، بە دی ناکرێت_ تەنانەت بە خەیاڵیشدا فینۆمنی وێستاو لە مانا خاڵیە.
کە دەگەینە ئەم خاڵە کە هەموو شتێك هالە حاڵ ڕۆیشتن و گەڕان و گۆڕاندا_ دینەوە سەر ئەوەی کە چۆن دەبێت ئێگۆ، لێرەدا ناوی بنین " ئینسانی تاکە کەس " لە زەمانی ئێستەدا وەستابێت؟ نەگۆڕدرێت! یان خۆی نەگۆڕێت! دیارە ئەم گۆڕانە سرووشتیە لە هەستی خود، بەردەوام دەڕواتە پێشەوە! بەڵام گرینگی بابەتەکە لەوێدایە کە بۆچی ئەم تاکەکەسە، لە خۆی وورد نابێتەوە_ ناڕواتە نێو قووڵایەکانی خۆیەوە_ باشتر خۆی ناناسێ_ داهاتووی خۆی دیاری ناکات_ یان چی بە سەردا هاتووە کە لە تەك زەماندا دەڕوات، بەڵام هەر لەو جێگەی خۆیە جمەی دێت؟! جمەی دێت، چوونکە جمە کردن، لە جێگەی خۆی جۆرێك جێ بە جێ بوونە_ حەرەکەتی نییە! ناڕواتە پێشەوە _ داهات و داهاتووی خۆی دیاری ناکات. وەکوو ئەو چەقۆە لە جەوهەری خۆی بەتاڵ بووەتەوە! پرسیار_ کێ ئەو جەوهەری گۆڕان وگەڕانەێ لە هەستی خودی تاکەکەس، دزیوە یان وەریگرتووە، یان بڵێن ناچاری کردووە کە درێژە بدات بە کۆیلەیی خۆی؟ کێ؟ کام هەستی ئەویترئەمکاریگەرییەی هەبووە و هەیە؟!
بزانین سارتێر چی دەڵێت:
I try to determine exactly what I am, to make up my mind to be my true self without delay_ even though it means consequently to set about searching for ways to change myself.
"ئەمن تێدەکۆشم دەقیقەن دەسنیشانی بکەم ئەو شتەی کە هەم. دەبێ بۆ خۆم ساغ ببمەوە لەوەی کە ببم بە خودی ڕاستەقینەی خۆم، بێ هیچ دوواکەوتنێك( لە دەست دانی کات)_ تەنانەت وەهام فامکردووە کە بەردەوام بگەڕێم بە دووای ڕێگاکاندا تا بزانم چۆن خۆم بگۆڕم."
ئەمە یانێ چی؟ سارتێر خەریکە چی دەڵێت؟ بۆ چی دەبێ هەموو ڕێگاکان تاقی کاتەوە یان بیانناسێت تا بەڵکوو چارەیەك بدۆزێتەوە بۆ گۆڕینی خۆێ؟ ئایا مەبەستی سارتێر بەس گۆڕینی خۆیە وەکوو تاکەکەس؟ نا. لێرەدا تەنیا خۆی ناگرێتەوە کە تەواوی ئێنسانەکان و تەواوی کۆمەڵگەکان دەگرێتەوە. ئەگەر وەها نەبووایە، پێویستی بەم هاوارە لە تێکستەکەدا نەدەکرد. دەڕۆیشتە لائێکەوە و ئەو تێکۆشانەی بۆ گۆڕینی خۆی بە ئەنجام دەگەیەند. سارتێرپێمان ئەڵێت کە " هەستی خود " وەکوو ئێگۆ یان تاکە کەس و هەروەها وەکوو هەستی خودی کۆمەڵگە، دەبێ خۆی بگۆڕێت‼ و مادام خۆی نەگۆڕێت، ئەم ژیانەی کە هەیەتی، هەر بەم کارەساتەوە، دەڕواتە پێشەوە! ئێگۆ هەر وەکوو کۆیلە دەمێنێتەوە و هەستی ئەویتر لە هەیکەلی سیستەمی حاڵ، هەر بەمجۆرە لە تەك هەستی کۆمەڵگە، هەڵسووکەوت دەکات و ئەم چێ کردنی کۆیلایەتیە لە هەستی خود، بەردەوام درێژەی دەبێ! بۆیە ناچارم وەکوو هەستی خود_ بگەڕێمەوە سەر سرووشتی خۆم! ئەوەش دیارە کە هەستی ئەویترلە هەیکەلی سیستەم و فەرهەنگی نێو کۆمەڵگە، کە خودی سیستەم بە شێوازی دەوڵەت و حکومەت ویاسا، درووستی کردووە، لەم بە خۆ هاتنەوەی مندا تووشی بە خۆ هاتنەوەی خۆ دەبێت و ئاشکارە کە پیلانەکانی بۆ درێژەدان بە کۆیلەبوونی من، دەگۆڕێت! ئەم قسە یانێ چی؟
یانێ ئەوەی کە هەستی ئەویتربەردەوام خەریکی پیلانگێڕی وچاڵە کەندنی بەر پێ منە. بۆچی؟ چوونکە پێویست و داخۆازی ئەو، وەهایە کە من وەکوو تاکەکەس و کۆمەڵگە لە خزمەتی ئەو بم و بەردەوام لە ڕێگەی بەرژەوەندیەکانی ئەودا، بژیم_ ئەمە ڕێك یانی درێژە دان بە کۆیلە بوونی من وەکوو هەستی خود.
بەڵام دەبێ بەمخاڵەش ئیشارە بکەین کە لێرەدا فینۆمنێکیتر هەیە بە ناووی" هەستی خودی ڕاستەقینە ". کە ئەم فینۆمنە بە جووانی شارەزای ڕووداوەکانە_ بە جووانی ئاگای لە پیلانگێڕیەکانی هەستی ئەویترە! دەی باشە ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەگەر وایە، ئەو هەستیە چیە وبۆچی هەستی خود لەم کارەساتە، ڕزگار ناکات؟ با هەر لێرەدا وەڵام بەمەوە کە هۆی ئەم کارەساتە ئەوەیە کە هەستی خۆدی ڕاستەقینەش تووش ودیلی هەستی ئەویترە! فەلسەفیتر بڵین، وەهایان ڕا هێناوە!
هەستی خودی ڕاستەقینە، لای من بریتییە لە تەواوی من! بەڵام ئەوەی کە نووسیم هەستیەك یان فینۆمنێك هەیە کە ئاگاداری چۆنیەتی وەزعەکانە_ ئەوە لای من، زەینی ناخۆ وشیارە_ لە فارسیدا پێ دەڵێن " ناخودآگاه " . ووشەی ئینگلیسی زەینی ناخۆ وشیارواتە Unconscious. کە بەردەوام خەریکی کاری خۆیە. شەو و ڕۆژی بۆ نیە_ خەون و وەستانی نییە_ حەساندنەوە یان پشووداننی نییە وبە وردی خەریکی لێکدووانی خۆیە وکاریگەریەکی زۆر قووڵ و قۆرسی هەیە لە هەستی خود وتەواوی ئیشەکانی هەستی خود بە ڕیوە دەبات. ئەوە کە دەزانێت چۆن و بۆچی هەستی خود بەردەوام هالە ژێر ڕەکیفی هەستی ئەویتردا؟! بەڵام زەینی ناووشیار، بە دەستی زەینی ووشیارەوە بەدی دەکرێت و ئیگزیستانسی دەبێت_ بە مانایەکی دیکە دەبێ بڵێن ئەمە زەینی ووشیارە کە لە چۆنیەتی هەستی وکاریگەری زەینی ناووشیاردا، دەسکردی هەیە. ئێنجا ئەوەی وا وەکوو پڕۆگرام و بەرنامەیەك دراوە بە زەینی نا ووشیار، ڕێك و ڕاست بە ئەنجام دەگات. ئەگەر زەینی ناووشیار وەها بەرنامەی پێ درابێ کە خاونەکەی بۆ میسال لە چ کاتێکدا لە خەو هەستێ؟ ئەو جەڕەسی بە خەوەر کردنی خاوەنەکەی لێ دەدات. لێکدانەوەی چۆنیەتی، بەرژەوەندی یان خراپ بوونی ئاکامی کارەکان بە دەستی زەینی ووشیارە کە دیاردەکان دەناسێتەوە_ بەڵام بە دیکردنی کارەکان و ئەنجامدانی کارەکان، بە ئەستۆی زەینی ناووشیارە. ئەمەش ئیزافە کەین کە زەینی ناووشیار بە هێزترین فینۆمنێ ئێگۆیە.
کۆی خاڵەکە لەوێدایە کە بۆ ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی ئێگۆ یان هەستی خود، دەبێت لە زەمانی ئێستەدا، پڕۆگرامێك یان بەرنامەیەك بۆ زەینی ناووشیار دابڕیژرێت کە هەستی خود لە کۆیلایەتی ڕزگار بکات. واتە زەمانی ئێستە یان حاڵ، گرینگتر لەوەیە کە خەڵکی لێ دەڕوانن. ئێمە لە زەمانی ئێستەدایە کە چۆنیەتی داهاتوومان پێک دێنین_ هەرلە زەمانی ئێستەدایە کە چۆنیەتی ڕابردوومان پێک دێت. ئەگەرچی ناتووانین دەست بخەینە نێو ڕابردوو، بەڵام هەر لە زەمانی ئێستە دەتووانین چۆنیەتی ئەو داهاتووە پێك بێنین کە هەر ئەو داهاتووە، لە کاتێكدا دەگۆڕدرێت بە ڕابردوو‼
لەبابەتی زەمانەوە دەبێ ئاماژە بدەین بەوەی کە حاڵەتێکیتر هەیە کە پێ دەڵین زەمانی بەعید یان دیارینەکراو. مەسەلەن من دەڵێم: کاتێک من گەیشتمە ئەوی_ ئەو گیانی لە دەست دابوو! دەبێ باش فام بکرێت کە من لە کاتی ئیستە دا خەریکم شتێك دەڵێم. بەڵام چۆنیەتی ووتارەکە جێگای سەرەنجە! با وورد بینەوە لە دێرەکە. بەشی یەکەم وەهایە کە: _کاتێك گەیشتمە ئەوی_ یانێ زەمانێك ئەمن گەیشتمە ئەو جێگایە( مەکان ). بەڵام ئەو کاتە کە گەەیشتوومە ئەوی، ئیستە ڕۆیشتووتە نێو ڕابردووەوە، بەڵام هەر لەو کاتە کە بووم، زەمانی حاڵ بووە! کە ئەو حاڵەش ئیستە گۆڕاوە بە ڕابردوو! بۆیە لە کاتی ئیستەس کە دەتووانم یاد لە ڕابردوو بکەم. بەشی دووهەمی دێرەکە ئەمەیە کە_ ئەو گیانی دابوو!_ واتە کەسێك مەسەلەن لە شۆێنی ئەو ڕووداوە یان دەعم یان تەسادۆفە دا، گیانی لە دەست داوە. بەڵام کەێ؟ چۆن؟ کاتێك کە ئەو ڕووداوە ڕوی داوە، زەمانی حاڵی ئەو کاتە بووە! _ ئەو کەسەی کە گیانی لە دەست داوە، داهاتووەکەی لە کاتی خۆێنڕژاندنیا گەیشتووە بە زەمانی حاڵی ئەو کاتە‼ و بە هۆی خۆێن ڕژاندنی، گیانی لە دەس داوە. بەم مانایە کە داهاتوو، لەو کاتەدا گۆڕدراوە بە حاڵی ئەو کاتە_ ئێنجا زەمانی حاڵی ئەو کاتەش گۆڕدراوە بە ڕابردوو! بەڵام من ئیستە ئیتر ناتووانم لەو ڕووداوە بەرگیری بکەم یان بڵێن دەست بخەمە نێو ڕابردوو. بۆیە ئەم حاڵەتە زەمانیە نادیارو بەعیدە.
نۆکتەیەکی دی ئەوەیە کە " ئیمکان "ی ئەوەش هەر لەو زەمانی دەعمەدا، هەبووە کە دەیتووانی ڕووداوەکە بگۆڕێت بە پێچەوانەی مەرگی ئەو کەسەوە! بەڵام چۆن؟ وەکوو فەرزێكی فەلسەفی دەڵین ئەو ئیمکانەش هەبوە کە کەسێکیتر کە لە بۆاری پزیشکی یان لەشساغیدا وەکوو دۆکتۆرێك، ڕێك هەر لەو کاتەدا و لەو شوێنەدا وەکوو ڕێبوارێك بڕۆیشتبایە_ ئەو دەیتووانی بەرگیری بکات لە خۆێنڕێژی کردنی زۆرتری ئەو کەسە! ئەگەر ئەو ئیمکانە بەدی بکرابایە_ بەپێچەوانەی ڕووداوی مەرگی ئەو کەسە، ژیانی ئەو لە جێگای خۆی دەماوە. نابێ لەمخاڵە بە ساکاری لابدەین کە " ئیمکان " وەکوو فینۆمنێکی زۆر تایبەت، دەتووانێت کاریگەری بکات لە هەستی خود و هەستی ئەویتر و تەواوی گەردوون! تەنیا شتێک کە لەم زەنجیرە باسە نەڕۆیشتین بە دووایدا فینۆمنی " جێگا یان مەکان " بوو. هەرچەند لاموایە خۆێنەرخۆی باش دەزانێ کە زەمان لە تەك مەکاندا، پێوەندی زۆر تایبەتیان هەیە_ بەڵام بە نیسبەتی ئێگۆ، ئەگەر هەر وەکوو هەستی خودی تاکەکەسی یان کۆمەڵگە تەواشای بکەین_ شۆینی ژینگەی ئەم هەستی خودەش خاوەنی گرینگییەکی زۆر زۆر تایبەتە و شۆێنی ژینگە فینۆمنێك نیە کە لە هەستی خود کاریگەری نەبێت! گەرچی پێچەوانەکەشی هەروایە. زۆر پێشتریش ئیشارەمان کردبوو بە گلۆبالایزشن. یان تووانەوەی سەهۆڵەکانی جەمسەری! کە چ کاریگەرییەکی هەیە لە سەر تەواوی گیانلەبەرانی سەر زەوی.
من لە خۆم دەپرسم، دەسکەوتی ئەم زەنجیرە نووسراوە چیە؟ بە خۆمیش وەڵام دەدەمەوە کە ئەوەی کە دەبوایە بنووسرابای، نووسراوە_ تەواوی دێرەکان وگشتی بابەتەکە، دەسکەوتی ئێمەیە. بە تایبەت ئەوەی کە دەبێت بۆ پەیدا کردن وساغ بوونەوە لە سەر" هەستی خودی ڕاستەقینە " بە فەرموودەی ژان پۆل سارتێر، هەمو ڕێگاکان بۆ گۆڕانی خۆمان بناسین ودەبێ حەتمەن خۆمان بگۆڕین. ئەمە بۆ هەستی خود وبو تەواوی هەستی ئێگۆ وەکوو تاکە کەس و وکوو کۆمەڵگە، زۆر زۆر گرینگە.
***